تا کارەسات رووی نەداوە!

قوتابخانەی خاک لە چەمچەماڵ درزی وای تێدایە هیچی نەماوە بڕوخێ

964+

ئەحمەد مستەفا

قوتابخانەی خاک لە چەمچەماڵ کە لە ساڵی 2006 وە خزمەت بە قوتابی و فێرخوازەکانی شارەکە دەکات، درزی وای تیایە لەخۆوە لێی دەترسی و گومان ئەکەی لەهەر ئان و ساتێکدا بڕوخێ.

درزەکان، لە باڵەخانە و روخسار و ژوورەکانی بە ئاسانی دەبینرێ و دیارە، بەڵام وەک 964 سۆراغی کردووە درزەکان کۆنن، واش دەرەدەکەوێ لافاو و لێزمە بارانەکەی چەند رۆژی رابردووش کاریگەری لەسەر ئەو قوتابخانەیە هەبووە.

بەگوێرەی ئەو پەیامەی قوتابخانەکە وەک روونکردنەوە و داوای هاوکاری گەیاندوویانە بە 964 و دەڵێن، دەمانەوێ لێرەوە تەواوی لایەنە بەرپرسەکانی ئەم وڵاتە و بە تایبەت بەرپرسانی شاری چەمچەماڵ، مامۆستا و قوتابیان و دایبابان لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرێتی پەروەردەی چەمچەماڵ ئاگاداربکەینەوە لە چ مەترسییەکداین.

بە روونی دەڵێن، ئێمە وەک ستافی ئیدارە و مامۆستایان چەندین جار نوسراومان کردووە و تەلەفۆنمان بۆ تەنانەت وەزیری پەروەردە، دکتۆر ئالان حەمەسەعید کردووە، بەڕێوەبەری پەروەردە و قایمقام ئاگادارن، تا کارەسات و رووداوی نەخوازراو و دڵتەزێن رووی نەداوە، قوتابخانەکە چاک و نۆژەن بکەنەوە.

964 پەیوەندی بە قوتابخانەکەوە کرد، بەڵام تەنیا پەیامەکەیان بەردەست بوو، هەریەک لە قایمقام و بەڕێوەبەری پەروەردەش لە پۆستەکانیان بەخشراون تا روونکردنەوە بدەن، بەڵام لە رێگەی ناردنی بۆ وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 964 لە سۆراغی گرفتەکەی ئەو قوتابخانەدا دەبێت.

پەیامی قوتابخانەکە؛

بەناوی خودای گەورە داواکارین لە خوای گەورە هەموو موسڵمانان لە هەر شوێنێکی ئەم زەوی یە بمانپارێزێ لە کارەساتی سروشتی و لەناکاو و دڵتەزێن.

ئەمانەوێ لێرەوە ڕوون کردنەوە بە تەواوی لایەنە بەرپرسەکانی ئەم وڵاتەو بە تایبەت بەرپرسانی شاری چمچماڵ بدەین مامۆستایان قوتابیان و دایبابان تەواوی بەرپرسانی حکومی و حیزبی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرێتی پ.چمچماڵ پێتان ڕادەگەیەنین کە قوتابخانەکەمان (ق.خاک)ی بنەڕەتی لە شاری چمچماڵ لە لێواری ڕوخان و لە ناوچوندایە.

ئێمە وەک ستافی ئیدارە و مامۆستایان چەندین جار نوسراومان کردوە و تەلەفۆنمان بۆ تەنانەت وەزیر د ئالان کردوە ب.پەروەردەو جەنابی قایمقامیش ئاگادارە. تا کارەسات و ڕووداوی نەخوازراو و دڵتەزێن ڕووی نەداوە چاک و نۆژەنی بکەنەوە ئێمە ڕامان گەیاند بە شایەتی خوای گەورە.

دیمەنەکان باڵەخانەی قوتابخانەکەن؛