18 موچەیان لای حكومەته‌ و چوار مووچەشیان فەوتاوە

“دۆخى مامۆستایانى عێراق له‌ دۆخى مامۆستایانى هه‌رێم باشتره‌”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ قسه‌ى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نزیكه‌ى 175 هه‌زار مامۆستا ئه‌ندامى یه‌كێتیه‌كه‌یانن، 60% ئه‌و مامۆستایانه‌ش سووده‌مه‌ندى زه‌وى و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون بوونه‌ و ده‌شڵێت “به‌ڵام هێشتا دۆخى مامۆستایانى عێراق له‌ دۆخى مامۆستایانى هه‌رێم باشتره‌”.

مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی, سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئامارێكی ژماره‌یی بۆ 964 ئاشكراكرد و ئه‌وه‌ى روونكردۆته‌وه‌ كه‌ هێشتا دۆخى مامۆستایانى عێراق له‌ دۆخى مامۆستایانى هه‌رێم باشتره‌، چونكه‌ وتی “ئەوان موچەكانیان تەواو وەرگرتووە و به‌رده‌وامیش ماف و شایسته‌ ئیداریى و پیشه‌ییه‌كانیان پێده‌درێت، بەڵام مامۆستایانی كوردستان 18 موچەیان لای حكومەته‌ و چوار موچەشیان فەوتاوە”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كەمترین موچەی مامۆستایانی كوردستان لە مامۆستای وانەبێژ دەشتپێدەكات كە موچەكەی 350 هەزار دینارە، وتیشى “مامۆستای ئاسایی لەیەكەم دامەزراندنی موچەكەی 650 هەزار دینارە و مامۆستاش هەیە موچەكەی دەگاتە یەك ملیۆن و 900 هەزار دینار”.

له‌باره‌ى مامۆستایانى زانكۆشه‌وه‌، وتى “مامۆستایانی زانكۆ موچەی مانگانەیان لە سێ ملیۆنەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە پێنج ملیۆن”.

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ى ئه‌و مامۆستایانه‌ش كه‌ ئه‌ندامى یەكێتی مامۆستایانی كوردستانن، ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى ئاشكراى كرد “لە وەزارەتی پەروەردە 150 هەزار مامۆستای میلاك و وانەبێژمان هەیە، لە خوێندنی تایبەت كە ناوەندە خوێندنەكانی ناحكومى دەگرێتەوە 11 هەزار مامۆستامان هەن، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، 12 هەزار مامۆستا لە 31 زانكۆ هەن، كە 15 زانكۆی حكومی و 16 زانكۆی تایبەتن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و مامۆستایانه‌ى كه‌ له‌ وەزارەته‌كانى كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەوقاف و تەندروستیش هه‌ن، كه له‌‌ كۆمەڵێك پەیمانگای جیاجیا وانه ده‌ڵێنه‌وه‌”.

وتیشی “ئه‌ندامبوون له‌ یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان ئارەزومەندانەیە”.

له‌باره‌ى سوودمه‌ندبوونى مامۆستایانیش ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ “تا ئێستا نزیكەی 60%ـی مامۆستایانی كوردستان سوودمەندی زەوی و شوێنی نیشتەجێبوون بوونه‌. كە پێشتر بەشێكی زۆریان كرێچی بوون”.