بەفربارین لەرێگایەیکی سنووری سۆران. وێنە: پەڕەى بەڕێوەبەرایەتى ناحیەى وەرتێ
کەشی 48 کاتژمێری داهاتوو
تەم و مژ شارەکان دەگرێتەوە؛ باران و بەفر دەبارێت
964+
وریا فەتاح
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێر دەکات و لە بەشێک لە قەزای شەنگال ئەگەری بەفربارین هەیە.
وردەکاریی کەشی ئەمڕۆ سێشەممە (16-12-2025):
بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى، بەیانى ئەمڕۆ بەهۆى تەمەوە، مەوداى بینین 2 تا 3 کیلۆمەتر کەم ببوەوە، بەڵام بۆ نیوەڕۆ کاریگەرییەکەی نامێنێت.
باس لەوەشکراوە، لە سلێمانی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، بەڵام لە دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر بەهۆی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست، نمەباران دەبێت و لە شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت.
بەفر لە شەنگال دەبارێت
کەشناسی تێبینییەکی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: لەگەڵ کاریگەری ئەم شەپۆلەدا، لە بەشێک لە قەزای شەنگال و شاخی شەنگال لە بەرزی 1400 مەتر، ئەگەری بەفربارین هەیە.
کەشی سبەی چوارشەممە (17-12-2025):
وەک کەشناسى پێشبینى کردووە، سبەی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لە بەیانی زوودا لە ناوچە شاخاوییەکان تەم دروست دەبێت و لە ناوچە سنوورییەکان ئەگەری بەفرێکی کەم هەیە. سەبارەت بە پلەکانی گەرما، بەرزترین پلەکان بەرز دەبنەوە، بەڵام نزمترین پلەکان روو لە دابەزین دەکەن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی چوارشەممە:
گەرمیان: 15 پلە
کەرکوک: 15 پلە
هەڵەبجە: 14 پلە
هەولێر: 13 پلە
زاخۆ: 13 پلە
سلێمانی: 12 پلە
دهۆک: 12 پلە
ئاکرێ: 12 پلە
سۆران: 9 پلە
ئامێدی: 9 پلە