خوێنڕشتن، شەڕ و درۆکردن قەدەغە دەکرێت
لەمڕۆوە ئێزدییەکان سێ رۆژ بە رۆژوو دەبن و چوارەم دەکەن بە جەژن
964+
فەرهاد حەسەن
لەمڕۆ سێشەممەوە، ئێزدییەکان سێ رۆژ بە رۆژوو دەبن و چوارەم رۆژیش کە هەینییە دەیکەن بە جەژن، ناویان لەو جەژنە ناوە “جەژنی ئێزی” لەماوەی ئەم چوار رۆژەشدا خوێنڕشتن و شەڕ و قسەی خراپ قەدەغە دەکرێت.
لە ئاینی ئێزدییەکاندا رۆژووگرتن بە دوو شێوە بەڕێوە دەچێت، ئێزدییەکان لە شەنگال هەفتەی یەکەمی کانوونی یەکەم رۆژوو دەستپێدەکەن و ناوی لێدەنێن “رۆژووی فەقیران” کە لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردوو بوو و رۆژی هەینیشیان کرد بە جەژن، بەڵام ئێزدیەکانی شێخان و لالش هەفتەی دووەمی مانگی کانوونی یەکەم کە لەمڕۆوە دەستپێدەکات، دەست بە رۆژوو دەکەن و ناویان لێناوە “رۆژووی ئێزی” یاخود “رۆژووی بابە شێخ”.
رۆژووی ئێزی بەر لە خۆرهەڵات دەست پێدەکات و لە خۆرئاوابوون کۆتایی دێت.
دوێنێ ئێوارە لە پەرستگای لالش لەلایەن باباچاویش کە یەکێکە لە پیاوانی بڵندی ئایینی ئێزدی “بانگی ئێزی” درا، وەکو هێمایەک بۆ دەستپێکردنی یەکەم رۆژووگرتن بۆ جەژنی ئێزی.
بە پێی نەریتی ئایینی ئێزدییەکان، لەو رۆژانە خوێن ناڕێژرێت، شەڕ و قسەی خراپ ناکرێت، کارەکانی رۆژانە رادەگیرێن، رۆژانە خەڵک تەنیا لە خودا دەپاڕێنەوە، ئەو کەسەی بە رۆژوو دەبێت پێویستە لەهەر شتێک زیاتر بەسەر زمانی خۆیدا زاڵ بێت و درۆ نەکات، لەسەر ئەو بابەتە وتەیەکی ئێزدیەکان هەیە: هەرکەس بەسەر زمانی خۆیدا زاڵ بێت، خودا وەک ئەوە حیسابی بۆ دەکات کە 40 رۆژ رۆژووی گرتبێت.
لە یەکەم رۆژی جەژنیشدا باوەڕدارانی ئێزدی دەچنە سەرقەبران و دواتر بە سەردانکردنی یەکدی، جەژنەکە پیرۆز دەکەن.