دەردەڵی ژینگەپارێزێکی قسەخۆش بۆ 964؛
“خوا چارەی هاوڵاتیان بکات؛ ئەوان هەڵیئەڕێژن و من پاکی ئەکەمەوە”
964+
ژووری هەواڵ
ژینگەپارێزێکی شارەوانیی سلێمانی هەموو رۆژێک پیش خۆرهەڵاتن، دەچێتە بناری گۆیژە و سەرەڕای دواکەوتنی موچەکەی درێغی لە ئیشەکەی ناکات و زبڵ و خاشاکی هاوڵاتیان پاک دەکاتەوە.
ئەو ژینگەپارێزە مام حاجییەکی قسەخۆش و مەجلیس گەرمە، بێ ئەوەی ناوی خۆی ئاشکرا بکات قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “حەز ئەکەم ناوم ون بێ، هەموو رۆژێک هەر نوێژی بەیانیم کرد، دێمە سەرەوە و دەست ئەکەم بە خاوێنکردنەوەی شەقام و ژینگەی بناری گۆیژە”.
زۆریش لە هاوڵاتیان ناڕازییە و دەڵێ، “خوا چاریان بکات، هەموو رۆژێک دێنە ئێرە، هەڵیئەڕێژن و من پاکی ئەکەمەوە”.
ئەو مام حاجییە، لەدایکبووی ساڵی 1949ـە، ماوەی 23 ساڵە فەرمانبەری شارەوانییە و کەیفی بە زستان و ئیشەکەشی دێ، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ئێستا بە سێ مانگ موچەیەک وەردەگرێ و گوزەرانی ژیانی زۆر باش نییە.