لە هەولێر یادی ئەفەندی و سیدارە کرایەوە
فەرمانبەر و پیاوماقوڵ و ئەفەندی كڵاوی سیدارەیان لەسەر دەكرد
+964
دەشتی عارف ـ هەولێر
ئەمڕۆ شەممە 13.12.2025 لە پاركی منارەی هەولێر، یادی رۆژی ئەفەندی و كڵاوی سیدارە بەڕێوەچوو، كە ساڵانە بەڕێوەدەچێت و چەند چالاكییەكی تایبەت بەڕێوەدەچن.
لە کۆندا ئەفەندی و سیدارە دووانەیەکی لێکدانەبڕاوبوونە، بە تایبەتی لە هەولێر، زۆربەی ئەو کەسانەی کە پیاو ماقول و رۆشنبیر و خوێندەوار بوون، کلاوی سیدارەیان لەسەر دەکرد، تەنانەت مامۆستا و فەرمانبەری حکومەت مەرج بووە ئەو سیدارەیە لەسەر بکەن.
ئومێد ئەنوەر، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەربیل ئولا، باسی مێژووی سیدارەی بۆ کردین و وتی، لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوو بە فەرمانی پاشای ئەوکاتی عێراق فەرمانی کردووە خەڵکی خوێندەوار و موچەخۆری میری و قوتابی و مامۆستا ئەو کلاوە بخەنە سەریان و لە مووی بزن و خوریی مەڕ دروستکراوە.
لە رووی نرخیشەوە مامۆستا ئومێد وتی، نرخی ئەو سیدارە پێنج فلوس بووە و مامۆستایانیش بەخۆڕایی پێیان دراوە، بەڵام ئەگەر ونی کردبا یان بدڕابوایە، دەبوایە پارەکەی بداتەوە حکومەت و لە کاتی خانەنشینبوونیشی دەبوایە کڵاوەکە بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت.
حاجی زوهێر جاسم، هاوڵاتییەكی هەولێرەو و قسەی بۆ کردین، “کاتی خۆی دکتۆر و حاکم و ئاغا و کەسە گەورەکانی شار ئەو کڵاوەیان لەسەر دەکرد، تاوەکو 10 ساڵ پێش ئێستاش دراوسێمان هەبوو ئەو کلاوەی لەسەر دەکرد، سەرەتا هەر یەک جۆری هەبوو لە دەرەوە دەهات و قەدیفە و ئەستوور بوو، دواتریش کە لە هەولێر دروست کرا دوو جۆر بوون، کە تەنکەکان بە قوماش و ئەستوورەکانیش بە قەدیفە دروست دەکران، لە رووی رەنگیشەوە رەنگی زۆربوو، بەڵام تەنیا رەشی باوبوو.
یونس ئەنتیكەش كە پیاوێكی دیكەی هەولێرە، بۆ 964 وتی، سیدارە خەڵكی تایبەت لەسەریان دەكرد و عەوام و خەڵكی ئاسایی لەسەریان نەدەكرد.
سیدارە ئێستا لەنێو خەڵکیدا بەکار نایەت، تەنیا لە بۆنەی تایبەت و لەناو بەشێکی زۆر کەمی خەڵکیدا دەناسرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا