هێرش بۆ سەر مۆڵگه‌کانی داعش ده‌ستیپێكرد

964+
کاروان ستار – کەرکوک

هێزێکی شەڕکەری هاوبەش دەستیان بە هێرشێکی چڕ کردووە بۆ سەر مۆڵگەکانی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش لە چیای قەرەچووغ، فڕۆکەی هاوپەیمانانیش تێیدا بەشدارە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 5.3.2023 هێرشێک بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش له‌ چیای قەرەچووغ دەستیپێکردووە، تا ئێستاش دوو گوند پاکكراونه‌ته‌وه‌، سێ بۆمبی چێندراویش پووچەڵ کراوەتەوە.

غازی فەیسەڵ فەرماندەی هێزە خۆبەخشەکە بە 964 ی وت “لە کاتژمێر 5:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێزێکی شەڕکەری هاوبەش، کە پێکهاتووە لە هاوپەیمانان و دژە تیرۆری عێراقی و هێزێکی فیرقەی 14ی سوپای عێراقی و هێزێکی خۆبەخش، بە پاڵپشتی فڕۆکەی جەنگی هاوپەیمانان و هەلیکۆپتەرێک، دەست کرا بە راماڵینی تیرۆریستانی داعش، تا ئێستاش هەردوو گوندی عەلیەڕەش و قەراتە سۆران کە دوو مۆڵگەی تیرۆریستانی داعشن، لە چیای قەرەچووغ سەر بە قەزای مەخمور پاككراونه‌ته‌وه‌”.

وتیشی، “فڕۆکە بۆردوومانی کردووە و هێزەکانیش پێشڕەوی دەکەن، تا ئێستا سێ بۆمب لە لایەن تیمی ئەندازیارییەوە پووچەڵ کراونه‌ته‌وه‌، و زیانەکانی تیرۆریستانیش نازانین، پێدەچێت بۆ ئێوارە هێرشه‌كه‌ کۆتایی پێ بێت”.