پێنج بزنەکێوییان راوکردووە
پێنج راوچی لەسنووری ئیدارەی زاخۆ دەستگیرکران
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
هێزەکانی ئاسایش لە بازگەیەکی سنووری قەزای باتیفا چوار کەسیان دەستگیر کرد کە پێشێلکارییان بەرامبەر سروشتی ناوچەکە کردبوو و پێنج بزنی کێویان راو کردبوو.
رائید عەلی یوسف، بەرپرسی بنکەی دارستان و ژینگەی باتیفا بە 964ـی وت، دوای ئەوەی لە بازگەی ئاسایش گومان لە ئۆتۆمبێلێک دەکرێت و پشکنینی وردی بۆ ئەنجام دەدرێت، دەردەکەوێت پێنج بزنی کێویان راوکردووە و پارچەپارچەیان کردوون و لە سندوقی ئۆتۆمبێلەکەدا شاردوویانەتەوە، بۆئەوەی لە بازگەکە ئاشکرا نەبن و تێپەڕن.
وتیشی، تۆمەتبارەکان دەستبەجێ لەلایەن بازگەکەوە دەستگیر کراون و رادەستی پۆلیسی دارستان و ژینگە کراون.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژێک پێشتر، راوچییەکی دیکە بە هەمان تۆمەت و لە هەمان سنوور لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەوە دەستگیر کرابوو، بەمەش کۆی گشتیی دەستگیرکراوان لەم هەفتەیەدا گەیشتە پێنج کەس و سەرجەم تۆمەتباران، بە بڕیاری دادوەر راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر