سەرۆك و ئەندامانی ژووری بازرگانی هەولێر لەگەڵ تیمی سەنتەری ناوبژیی بازرگانی لە دوبەی
بە هاوكاری دوبەی
سەنتەری “ناوبژیی بازرگانی”لە هەولێر دەكرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و سەنتەری دوبەی بۆ ناوبژی بازرگانی، ئامادەکاری بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن و كردنەوەی سەنتەری ناوبژی لە هەولێر دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.12.2025 شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، كە چەند رۆژێكە لە ئیماراتن، لەگەڵ سەنتەری ناوبژیی بازرگانی لە شاری دوبەی كۆبوونەوە.
كامەران محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە 964ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لە لایەن ئامادەبووانی سەنتەری دوبەی بۆ ناوبژیی بازرگانی، بە چڕی باس لە کار و چالاکی و ئەرکەکانی سەنتەری ناوبژیی بازرگانی کرل، تیشکیان خستەسەر گرنگییەکانی ئەم سەنتەرە لە پێشکەوتنی ئابووریی وڵات و بە فاکتەرێکی بەهێزیان وەسف کرد لە راکێشانی وەبەرهێنەران و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.
وتیشی، ئەوان پشتگیری و ئامادەیی خۆیان پێشان دا لە هاوبەشکردنی زانیارییەکان و ئەزموونیان لە هاوکاری و پاڵپشتی ژووری بازرگانیی هەولێر لە کاتی دامەزراندنی سەنتەرێكی هاوشێوە لە شاری هەولێر.
“ئێمەش وەك شاندی ژوور باسمان لە ئامادەکارییەکان کرد بۆ کردنەوەی ئەم سەنتەرە لە شاری هەولێر، سوپاسی سەنتەری ناوبژیی بازرگانیی دوبەیما کرد بۆ پێشاندانی پشتگیری و پاڵپشتییەکانیان”، كامەران محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆبوونەوەكەدا و لە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی سەنتەری ناوبژیی بازرگانی لە شاری هەولێر، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و سەنتەری دوبەری بۆ ناوبژیی بازرگانی، جەختیان لە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و هەروەها سەنتەرەكەش لە هەولێر بكرێتەوە.
سەنتەری ناوبژیی بازرگانی چییە؟
سەنتەری ناوبژیی بازرگانی دەستە یان دامەزراوەیەكی جێگرەوەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی بازرگانی لە رێگەی ناوبژیوانی بێلانەوە لەبری دادگا ئاساییەکان.
لایەنە ناکۆکەکان لەسەر ناوبژیوانی رێکدەکەون، کە بڕیارەکەی کۆتایی و پابەندکەر و جێبەجێکراوە، بەم شێوەیە نهێنی دابین دەکات و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان دەپارێزرێت. ناوبژیی بازرگانی دەتوانێت ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی بێت، بەپێی سروشتی ناکۆکییەکە، لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی گرێبەستییە کە رێکارەکان و ناوبژیوانیكردنەكان دیاریی دەکات و ئێستا لە زۆر وڵات ئەم سەنتەرە هەیە، یەكێكە لەوانە لە دوبەی هەیە و هەولێریش پلان و بەرنامەی هەیە بەم زووانە ئەم جۆرە سەنتەرە بكاتەوە.