لە حاجى ئۆمەران

بەفر دەبارێت: سۆپاى داریان بۆ رێبواران داناوە

964+

ئاکام غەفور- حاجى ئۆمەران

لە حاجى ئۆمەران بەفربارین دەستى پێکردووە، لەناو بازاڕى ناحیەکەش سۆپاى داریان بۆ رێبواران داناوە و خۆیانى لەبەر گەرم دەکەنەوە.

کەشى حاجى ئۆمەران سارد و سەرمایە، وردە وردە بەفربارین هاتووەتە ناو شارەدێیەکە، هاوڵاتییەکى دەست و دڵکراوەش سۆپا رەشى دارانى لەناو بازاڕ داناوە و رێبواران و خەڵکى شارەدێیەکە خۆیانى لەبەر گەرم دەکەنەوە.

دوو لەو رێبوارانە کە شۆفێرى بارهەڵگرن و خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستانن، خۆیان لەبەر سۆپاکە گەرم دەکردەوە بۆ 964 قسەیان کرد و وتیان،”ئەمە نیشانەى دڵکراوەیى خەڵکى خۆمانە لە باشور، جەوەکە سارد بوو بەڵام سۆپاکە گەرمى کردینەوە”.
حاجى ئەحمەد حەیران کە دنیادیدەیەکى حاجى ئۆمەرانە، لەناو بازاڕى ناحیەکە هاتوچۆى بوو، مایکى 964 بینى و قسەى بۆ کرد.

وەک ئەوەى حاجى ئەحمەد وتى،” سەرماى جاران و بەفرى جاران نەماوە، کەشەکە هەرچەند سارد بێت ئێمە کێشەمان نییە و راهاتووین لەگەڵى”.
ئەو دەڵێت: ئەگەر چوار فەسڵى سارد بەفر بێت پێمانخۆشە، بەڵام بەرگەى گەرماى هەولێر ناگرم.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح