دیمەنی هەورەبروسکەیەک
تەقتەق و قەرەناوی بێ کارەبا کردووە
بەهۆی هەورەبروسکەوە بەشێکی گرنگی وێستگەیەکی کارەبا لە کۆیە سووتاوە
964+
دەریا ئەحمەد _ کۆیە
کاتژمێر 1:15 خولەکی شەوی رابردوو، دەنگی هەورەبروسکەیەکی بەهێز بەشێک لە خەڵکی کۆیەیی راچلەکاند و ئەمڕۆش دەرکەوت بەشێکی گرنگی لە وێستگەی کارەبا باواجی سوتاندووە و بەشێکی تەقتەق و قەرەناوی بێکارەبا کردووە، بەرپرسی وێستگەکانی کارەبای کۆیەش دەڵێت، ئامێرەکانی ئەو بەشە لە بازاڕ نییە و تەنیا وەزارەت دەتوانێت دابینی بکات.
ئەندازیار رەوەند سابر، بەرپرسی وێستگەکانی کارەبای کۆیە بە 964ـی وت، شەوی رابردوو بروسکەیەکی بەهێز لە هێڵی کارەبای نێوان کۆیە – تەقتەقی داوە و کاریگەریەکەی گەڕاوەتەوە بۆ وێستگەی باواجی لە کۆیە و بەشی ڤیتی سوتاندووە کە بەشێکی گرنگە و لە بازاڕ نییە و تەنیا وەزارەت دەتوانێت دابینی بکات، چونکە تایبەتە بە وێستگەکانی کارەبا.
وتیشی، پەیوەندیمان کردووە بە وەزارەتەوە و چاوەڕێین وەڵاممان بدەنەوە تا بزانین لە کۆگاکانیان هەیە تا بەزوویی بچین بیهێنین.
هێنان و بەستنی کاتێکی زۆری ناوێت و هەوڵدەدەین بەهەر جۆرێک بووە کێشەکە چارەسەر بکەین و خەڵک بێ کارەبا نەبێت، رەوەند سابیر وای وت.
کارەبای تەقتەق و قەرەناو لەڕێگەی سێ هێڵەوە لە وێستگەی باواجیەوە لە کۆیە دابین دەکرێت و بروسکە بەهێزەکە دوو هێڵی لەکارخستووە و تەنیا یەک هێڵیان لەکاردایە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی