بێ بەرامبەرە
سبەینێ فیلمی سینەمایی 09 لە هەولێر نمایش دەکرێت
964+
فەرهاد حەسەن
سبەینێ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، لە چالاکییەکانی وەرزی زستانەیدا، فیلمی سینەمایی 09 لە ئێمپایەر سینەما نمایش دەکات کە لەدەرهێنانی بەختیار فەتاحە.
ئەم چالاکییەی سینەمای هەولێر لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکە بەناوی “سینەما و جەماوەر” کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە.
شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، به 964ـى وت ئەم چالاکیانەمان بە هاوکاری پارێزگای هەولێر، بەڕێوەدەچێت و هەفتانەش بێ بەرانبەر فیلمە سینەماییەکان نمایش دەکەن.
پڕۆژەکەی سینەمای هەولێر بەتەنیا نمایشی فیلمە کوردییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو زۆر جاران لەلایەن خودی وینەماکارانەوە خوێندنەوە وگفتوگۆ بۆ فیلمە نمایشکراوەکان دەکرێت و جارجارەش فیلمی بیانی بە شێوەیەکی فەرمی لە رێگەی کونسوڵخانەی وڵاتان کە لە هەرێمی کوردستانن نمایش دەکەن، بەڕێوەبەری سینەماش دەڵێت “ئەوەمان بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی کلتووری و هونەرییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەم وڵاتانەدا”.
فیلمی سینەمایی 09، لە نواندنی هەریەکە لە هونەرمەندان ماهیر حەسەن، شوان عەتوف، سیروان جەمال، چریکە عەبەڕەش، بێساران جاسم و ژاڵە رەسوڵە.