"ئەگەر قەرارە کەلاری بین دەبێت بەوەفابین"
لە کەلار ئوتێلێک دەرگای بۆ لێقەوماوان خستە سەرپشت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
خاوەن ھۆتێلێکی کەلار، ئۆتێلەکەی دەخاتە خزمەت ئەو ماڵانەی لە ئەگەری روودانی لافاو پێویستیان بە شوێنی مانەوە ھەبێت، جگە لە ئوتێلەکەی چێشتخانە و ئۆتۆمبێلەکانیشی دەخاتە خزمەت ئەم خەڵکە.
ئیدریس حاجی حوسێن، خاوەنی ھۆتێلی لەندەن ئای لە کەلار بە 964ى وت، لایەنە پەیوەندیدارەکانیشیان لەو بڕیارەی خۆیان ئاگادارکردووەتەوە، بەتایبەتیش بۆ ئەو ماڵانەی مەترسی لافاویان ھەیە و لەکاتی حاڵەتی نەخوازراو جێگای مانەوەیان نامێنێت.
وتیشی “بە ئۆتۆمبێلی خۆشمان دەچینە شوێنیان لێرە جێگایان بۆ دابین دەکەین و تا ئەوکاتەی پێویستبوو لێرەبن خواردنیشیان بۆ دابین دەکەین و ھەمووشی بێ بەرامبەر”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا کەس پەیوەندی پێمانەوە نەکردوە کە پێویستیان بە شوێن بێت، بەڵام ئێمە ئامادەکاری خۆمان کردوە، دەشڵێت “ئەگەر قەرارە کەلاری بین دەبێت بۆ خەڵکەکەی خۆمان بەوەفا بین”.
پێداچوونەوە؛فەرهاد حەسەن