دیمەنێکی قەزای کەلار - وێنە؛ ئەرشیفی 964
ترسی لافاو هەیە
سبەی لە گەرمیان كرایە پشوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەڵێت، بەپێی پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، شەپۆلێکی توندی بارانبارین روو لە سنوری ئیدارەی گەرمیان دەکات، بۆیە سبەی پشووە و دەوام نییە.
ئیدارەی گەرمیان ئەمشەو لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینییەکان و لەپێناو سەلامەتی گیانی هەموو لایەک، ئیدارەی گەرمیان بڕیاری دا سبەینێ سێشەممە رێکەوتی 9.12.2025 لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت بە ناوەندەکانی پەروەردەشەوە، بکرێت بە پشوو، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و دامودەزگا ئەمنییەکان، کە لەئەرکدا دەبن.
بەپێی پێشبینییەكانی شارەزای كەشناسی محەمەد كەمال، كە بۆ 964 قسەی كردووە، سبەی لە زۆر ناوچەی كوردستان ئەگەری بارانی بەخوڕ و لافاو هەیە، هەروەها هەوری سوپەرسێل دەگاتە چەند ناوچەیەك و بارانی زۆر دەبارێت، بە تایبەتییش لە سنووری گەرمیان.