واتساپ
تایبەتمەندیی نوێ
لەمەودوا لە گرووپی واتساپ بڕۆ دەرەوە و كەس نازانێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
تۆڕی پەیوەندیی واتساپ تایبەتمەندییەكی نوێی زیاد كردووە كە هەر كەسێك لە گرووپێك بێزار بووە، دەتوانێت لێی بچێتە دەرەوە بەبێ ئەوەی كەس بزانێت، تەنیا ئادمینی گرووپەكە ئاگادار دەبێت.
واتساپ كە سەر بە كۆمپانیای مێتایە، خزمەتگوزاری ئەوە دەخاتە بەردەست، كە دەتوانیت لەو گرووپانە بچیتە دەرەوە بەبێ ئەوەی كەس بزانێت، تەنیا بەڕێوەبەری گرووپەكە “ئادمین” دەزانێت، ئەم خزمەتگوزارییە وەك تۆڕەكە باسی كردووە، لەسەر داوای بەكارهێنەران بووە، كە لە دەست هەندێك گرووپی گەورەی كار و خێزانی بێزار بوونە، یان هەندێكیان هەر لەخۆیانەوە خراونەتە ناو گرووپەكانەوە.
بەپێی تایبەتمەندییە نوێیەكە، هەر كەسێك لە گرووپی واتساپ بچێتە دەرەوە، هیچ ئاماژەیەك بەجێناهێڵێ كە رۆیشتووە و ئەوەی بیەوێت بزانێت، دەبێت بچێت سەیری لیستی ئەندامانی گرووپەكە بكات.
واتساپ هەروەها بژارەی جێگرەوە دەخاتەڕوو بۆ كەمكردنەوەی بێزاری، لەوانەش بێدەنگكردنی نۆتیفیكەیشن و ئەرشیفكردنی چاتەكان بەبێ ئەوەی لێی بچیتەدەرەوە.
ئەو ئەپدەیتەی واتساپ دەیكات، وەك خۆیان ئاماژەی پێدەكەن، رەخساندنی كۆنتڕۆڵ و كاتی زیاترە بۆ بەكارهێنەران لە ناو ئاپەكە و بەخشینی ئارامی زیاتر.