زانیارى زانستى دەخرێتەڕوو
هۆکارى دروستبوونى کەفاوەکەى رووبارى گەلى عەلى بەگ ئاشکرا بوو
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی رواندز لەبارەی دەرکەوتنی چینێک کەفاوی سپی و قەڵەو لەسەر رووباری گەلی عەلی بەگ، روونکردنەوە دەدات و هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە ئەمە دیاردەیەکی سروشتییە و هیچ پەیوەندییەکی بە پیسبوونی ژینگەوە نییە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، لەم وەرزەی پاییزدا، دەرکەوتنی ئەم کەفاوە سپییە لە ئەنجامی کارلێکی سروشتی نێوان پاشماوەی دارستانەکان، باران و ئاوەکەی رووبار دروست بووە.
چۆن ئەم دیاردەیە دروست دەبێت؟
بەپێی شیکردنەوە زانستییەکەی دارستان و پاوانی رواندز، پڕۆسەکە بەم هەنگاوانە روودەدات:
1. سەرچاوەکە: لە وەرزی پایزدا، پەلک و گەڵای دارە سروشتییەکان ماددە روونەکەرەکان وەک “تانین” و ترشە ئەندامییەکان بە رێژەیەکی زۆرتر دەردەدەن.
2. گواستنەوە: کاتێک باران دەبارێت، ئەم ماددانە لەسەر گەڵاکان دەشۆرێنەوە و راستەوخۆ دەڕژێنە ناو ئاوی رووبارەکەوە.
3. کارلێکەکە: لەناو ئاوەکەدا، ئەم ماددانە پەستانی رووی ئاو کەم دەکەنەوە، ئەمەش وا دەکات بڵقە هەوایییەکان (کە پێکهاتوون لە 78% نایترۆجین و 21% ئۆکسجین) و بەهۆی تەزووی ئاوەکەوە دروست دەبن، نەتوانن بە ئاسانی بتوێنەوە و دەمێننەوە.
4. دەرەنجام: کۆبوونەوە و گەورەبوونی ئەم بڵقە هەوایییانە وایان لێدەکات وەک کەفاوێکی قەڵەو و سپی لەسەر رووی ئاوەکە دەربکەون.
لە کۆتاییدا ڕوونکردنەوەکە جەخت دەکاتەوە، کە ئەم دیمەنە بەشێکە لە جوانیی سروشتی ناوچەکە و نیشانەی پاکییەتی، نەک پیسبوون.
دیمەنى کەفاوەکە لەم لینکەدا ببینە: