ساڵێک دوای کۆتاییهاتنی حوکمی 53 ساڵەی ئەسەد

 سوریا لەنێوان “کەوتنی دیکتاتۆر” و “مەترسیی دابەشبوون”دا دەتلێتەوە

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، ساڵێک بەسەر یەکێک لە گەورەترین رووداوەکانی سەدەی بیست و یەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێت، ڕێک ساڵێک لەمەوبەر بوو کە حوکمی نیو سەدەی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا کۆتایی هات و لاپەڕەیەکی نوێ، بەڵام ئاڵۆز، لە مێژووی ئەو وڵاتە هەڵدرایەوە.

رۆژی رووخان؛ چۆن دیمەشق بێ تەقە تەسلیم بوو؟

لە بەرەبەیانی 8.12.2024، دیمەنێک جیهانی هەژاند کە کەم کەس پێشبینی دەکرد بەو خێراییە رووبدات، هێزە چەکدارەکانی (دەستەی تەحریر شام – HTS) و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە گەیشتنە دەروازەکانی دیمەشق، ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو، سوپای سوریا کە دەیان ساڵ بوو بە “پارێزەری تەختی ئەسەد” دەناسرا، بەبێ هیچ بەرگرییەک و بەبێ تەقە شارەکەیان رادەست کرد.

لەو رۆژەدا، بەشار ئەسەد، دوایین میراتگری حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەکەی، کۆشکی کۆماریی بەجێهێشت و هەڵات، بەمەش ئۆپۆزسیۆن بە فەرمی “کەوتنی رژێم”ی راگەیاند و کۆتایی بە دەسەڵاتێک هات کە لە ساڵی 1971ـەوە لەلایەن حافز ئەسەد و دواتر کوڕەکەیەوە بەڕێوە دەبرا.

ساڵێک دواتر؛ هێشتا سوریا لەسەر پێی خۆی نەوەستاوە
سەرەڕای کۆتاییهاتنی دیکتاتۆری، بەڵام ئەو بەهەشتەی خەڵکی سوریا چاوەڕوانیان دەکرد، هێشتا نەهاتووەتە دی، لە ماوەی یەک ساڵدا، حکومەتی راگوزەری سوریا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوەتی و سەقامگیری بۆ وڵات بگەڕێنێتەوە.

دۆخەکە تەنها گۆڕینی دەموچاوەکان نەبووە، بەڵکو ململانێکان شێوازی نوێیان وەرگرتووە:

کێشەی پێکهاتەکان: لە ماوەی ئەم ساڵەدا، پێکدادانی سەربازی و گرژیی سیاسی لە نێوان حکومەتی نوێی دیمەشق و پێکهاتە سەرەکییەکان روویداوە، کوردەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا “رۆژئاواى کوردستان”، نیگەرانن لە پەراوێزخستنیان و چەندین جار رووبەڕووی هێزەکانی حکومەت بوونەتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان.
ناڕەزایەتی دروزەکان: لە باشووری سوریاش، پێکهاتەی دروزەکان کە رۆڵیان هەبوو لە لاوازکردنی رژێمی پێشوو، ئێستا لەگەڵ حکومەتی راگوزەر لە ململانێدان و داوای مافی زیاتر و زەمانەتی مانەوەیان دەکەن.
ئەمڕۆ لەکاتێکدا یادی ڕووخانی ئەسەد دەکرێتەوە، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا سوریا بەرەو دیموکراسی دەڕوات یان دەکەوێتە ناو گێژاوی شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی لەسەر دابەشکردنی کێکی دەسەڵات؟.

ئەسەد کەوت، بەڵام لیرەى سوری بەرز بووەوە

ئەسەد کەوت، بەڵام لیرەى سوری بەرز بووەوە