وێنەی مامۆستا ئەلیاس حەملەدار رێبەری حەج و عومرە - وێنە: کۆمپانیای "طواف الحرم"
خەڵکی بیارەیە
وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەی ژیانی لە رێبەرێکی حەج و عومرە سەندەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
مامۆستای ئاینی، ئەلیاس حەملەدار کە وەک رێبەری حەج و عومرە لە کۆمپانیای “طواف الحرم” کاری کردووە، ئەمشەو دوای گەڕانەوەی لە سەفەری عومرە و لە رێگەی چوون بۆ بیارە، تووشی روداوی هاتوچۆ بووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی کاری لێ کردووە بە 964ی وت، کاتی رووداوەکە خۆی و هاوژینی و ژنێکی دیکەی خزمیان لەگەڵی بوون ئەوان سەلامەتن، تەنیا مامۆستا ئەلیاس حەملەدار خۆی گیانی لەدەستداوە.
ئەو مامۆستا ئاینییە وەک رێبەر لە کۆمپانیاکە کاری کردووە، کە لقی سەرەکییان لە گەڕەکی سەروەرانی شاری هەولێرە، بەڵام خۆی دانیشتووی ناحیەی بیارەیە لە پارێزگای هەڵەبجە.
لەبارەی رووداوەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 8.12.2025، ئەبوبەکر خۆشناو، بەڕێوەبەری کۆمپانیای “طواف الحرم” بە 964ی وت، شەوی رابردوو لە نێوان خورماڵ و سەیدسادق، ئۆتۆمبێلی مامۆستا ئەلیاس وەرگەڕاوە، نازانین بەهۆی تەم و مژ بووە یان تیژڕەویی، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە مایەی خەمە رێبەرێکی چالاکمان لە دەستدا، کە ماوەی دوو ساڵ زیاترە لەگەڵمان کار دەکات.
ئەلیاس حەملەدار، تەمەنی زیاتر بووە لە 37 ساڵ، زمان زان و ئاشنای سەفەرەکانی عومرە و حەج بووە و رێبەری بۆ دەیان کەس کردووە، وەک ئەبوبەکر خۆشناو باسی دەکات، دوێنێ لە سەفەری عومرە هاتوونەتەوە، لە ماڵی خەزووری کە لە هەولێر نیشتەجێن داوایان لێکراوە بمێننەوە، بەڵام ئەمشەو گەڕاونەتەوە تووشی رووداوەکە بوون.
بۆ گیان لەدەستدانی ئەو رێبەرە، کۆمپانیاکانی حەج و عومرە سەرەخۆشییان ناردووە، یەکێک لەوانە کۆمپانیای رەوزەی شەریفەیە لە پەیامێکدا نوسیوویانە، سەرەخۆشی لە خانەوادەو کەسوکاری مامۆستا دەکەن.