"تەعزێمانە"

پەیتا پەیتا خەڵکی کۆیە بۆ دڵنەوایی دەچنە گوندی هەرمۆتە

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

دوای تێپەڕینی سێ رۆژ بەسەر شێواندنی نزیکەی 15 گۆڕی هاوڵاتیاینی مەسیحی گوندی هەرمۆتە لە قەزای کۆیە، هێشتا گوندەکە لە ماتەم دایە و خەڵکی کۆیەش بۆ دڵنەوایی بە بەردەوام سەردانیان دەکەن.

عەمان تۆمە مەتێ یەکێکە لە هاوڵاتییە مەسیحیەکان بە 964ـی وت، گۆڕی باوکم یەکێکە لەوانەی کە تێکدراوە و شێوێنراوە، ئەمە زۆر ئازاری دام بەڵام دڵخۆشم کە خەڵکی کۆیە دەستەدەستە بۆ دڵنەواییمان دێن و ئەمەش وادەکات تا ڕادەیەک سەبووریمان بێت.

وتیشی، هەست دەکەین ئەمە نانەوەی ئاژاوەیەک بووە لە سنورەکەمان کراوە، بەڵام ئەم جۆرە ئەقڵیەتە وەڵامێکی پێچەوانەیان وەرگرت و پەیوەندی مسوڵمان و مەسیحەکان دووای ئەم رووداوە پتەوتر بووە و برا مسوڵمانەکان بەردەوام دێنە لامان.

تا ئێستا نەمانزانیووە تۆمەتبارێک دەستیشان کرابێت و پێمان دەڵێن لێکۆڵینەوە بەردەوامە، وەک عەمان تۆمە مەتێ ـی کریستیان وتی.

هەر لەسەر ئەم بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە هێزە ئەمنیەکانی کۆیە، ئەوان وتیان دۆسیەکە لای دەزگای ئاسایشە و لای ئەوان نەماوە، لێکۆڵینەوەکان ئاسایشی سلێمانی دەیکات و ئێمە ئاگاداری وردەکاریەکەی نین، پەیوەندیمان کرد بە کارزان شێرکۆ وتەبێژی دەزگای ئاسایش لە سلێمانی بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دوای کۆیە؛ شێواندنى گۆڕەکان هەولێریشى گرتەوە

دوای کۆیە؛ شێواندنى گۆڕەکان هەولێریشى گرتەوە