چوار ساڵە خەریکن
کێڵگەی چاندنی قامیشی شەکر لە هەولێرە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
دوو جوتیار لە شاری هەولێر چوار ساڵە خەریکی تاقیکردنەوەن لەسەر چاندنی قامیشی شەکر لە کێڵگەکەی خۆیان، ئێستاش بەرهەمەکەیان قۆناغی باشی بڕیوە و کەم تا زۆر خەڵک سودی لێی وەرگرتووە.
ئەوان کەشوهەواکەیان بۆ قامیشەکە گونجاندووە، بەجۆرێک قامیشەکان تا پێنج مەتر باڵا دەکەن.
شەمسەدین محەمەد، خاوەنی کێڵگەی قامیشی شەکر، بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێ، چەند ساڵێک پێش ئێستا بیرۆکەی ئەو کارەیان بۆ هاتووە و قامیشەکانیان لە ڤێتنام و چین هێناوە، خزمەتکردنیشی زەحمەتە چونکە لەپێش ئەوانەوە کەس ئەزمونی نییه لەچاندنی ئەو بەرهەمە.
وتیشی، ئەم قامیشانە دەکرێنە شەربەت و دەتوانرێت بکرێتە قەندی چا و شیرینیخانەش هەبووە ئەو قامیشەی بردووە وەکو شیلەی سەر پاقڵاوە بەکاری هێناوە، دکتۆریش هەیە وەکو عیلاج بۆ نەخۆش بەکاریهێناوە.
سەبارەت بە گونجاوی کەش و هەوا لەگەڵ چاندنی ئەو قامیشانە مام شەمسەدین وتی، “کەش و هەوای ئێستا وەکو جاران نەماوە و گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە، بۆیە دەبێت کەشەکەی بۆ بگونجێنی ئەوەتا ئێمە بۆ شەتڵکردنی ئەو قامیشانە بەیتی نایلۆنمان بۆ دروست کردووە، چونکە دەبێت بیکەینە شەتل ئینجا بیچێنین، پار ساڵ چونکە ئەزموونمان نەبوو نزیکەی 17 هەزار قامیشمان بەهۆی سەرماوە لەناوچوو”.
ئەو قامیشانە تەنیا سود لە بەرهەمەکەیان وەرناگرێت بەڵکو پاشماوەی قامیشەکەش دەکرێت بە ئالیک “عەلەف” و دەدرێت بە ئاژەڵەکان و بە قسەی مام شەمسەدینیش بێت، ئالیکێکی زۆر باشە بۆ ئاژەڵ و سودێکی زۆری هەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا