لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەد
دوای کۆیە؛ شێواندنى گۆڕەکان هەولێریشى گرتەوە
+964
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
دواى ئەوەى لەچەند رۆژى رابردوو لەلایەن کەسانى نەناسراو نزیکەى 15 گۆڕى کریستانەکان لە گوندى هەرمۆتەى قەزاى کۆیە شێوێندران، لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەدیش لە شارى هەولێر، بەهەمان شێوە 15 گۆڕ شێوێندران و کێلەکانیان شکێندرا.
لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەد لەسەر شەقامى 100 مەترى بەرامبەر فامیلى مۆڵ، لەلایەن کەسانى نەناسراو 15 گۆڕى گۆڕستانەکە شێوێندراون کێلەکانیان شکێندراوە، یەکێک لە گۆڕەکانیش کە هۆدەیەکى بۆ کراوە، ئاگر لە هۆدەکە بەردراوە.
شێخ ئەنەس کە یەکێکە لە گۆڕهەڵکەنەکانى شارى هەولێر بە 964ـى وت،”نازانرێت کەى شکێندراون، بەڵام ئەمڕۆ پێى زانراوە، ئەوەش شتێکى ناخۆشە بۆ هەولێر چونکە حاڵەتێکى دەگمەنە”.
وەک باسى دەکات، گۆڕستانەکە کامێراى چاودێرى و چاودێرى نییە، بەڵام وەک دەڵێت: پێویستە چاودێرى بۆ دابنرێت بۆ ئەوەى ئەو حاڵەتە دووبارە نەبێتەوە، چونکە چەند جارێکى تریش لەو گۆڕستانە چەند گۆڕێک شێوێندراون.
رۆژى 4.12.2025 لەلایەن کەسانی نەناسراو نزیکەی 15 گۆڕی کریستیانەکان لە گوندی هەرمۆتەی قەزای کۆیە شێوێنران.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح