لە 6 رۆژدا 37 هەزار کتێب فرۆشراون
پێشەنگاى نێودەوڵەتى کتێب لە زاخۆ ریکۆردی پێشانگاکانی کتێبی لە کوردستان شکاند
964+
شڤان عەبدوڵا- زاخۆ
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ کۆتایی هات، کە تێیدا ژمارەی پێوانەیی لە فرۆشتنی کتێب لەسەر ئاستی پێشانگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە کۆڤان حوسێن، سەرپەرشتیارى پێشەنگاى نێودەوڵەتى کتێب لە زاخۆ، دەست تۆڕی 964 کەوتووە، لە ماوەی شەش رۆژی بەڕێوەچوونی پێشانگاکەدا، 37 هەزار و 263 کتێب فرۆشراون، ئەمەش بەرزترین رێژەی فرۆشتنە کە تا ئێستا لە پێشانگاکانی کوردستان تۆمار کرابێت.
964 دڵنیا نییە کە ئامارى فرۆشى کتێب لە پێشەنگاى نێودەوڵەتى کتێب لە زاخۆ، ژمارەى پێوانەیى شکاندووە و پڕفرۆشترین پێشەنگاى کتێب بووە لەسەر ئاستى پێشەنگاکانى کتێب لە هەرێمى کوردستان، ئەوەى هەیە تەنیا لێدوانى سەرپەرشتیارى پێشەنگاى کتێبە لە زاخۆ
ئاشکراشى کرد، لە ماوەی 1ـى کانونی یەکەم تا ئەمڕۆ 6ی مانگ، زیاتر لە 53 هەزار کەس سەردانی هۆڵی پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی زاخۆیان کردووە بۆ کڕین و بەسەرکردنەوەی کتێبەکان.
پێشانگاکە بە بەشداریی 60 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە 10 وڵاتی جیاوازەوە (میسر، ئەردەن، لوبنان، سوریا، ئێران، سعودیە، ئیمارات، عێراق و هەر چوار پارچەی کوردستان) بەڕێوەچوو، کە خاوەنی زیاتر لە 50 هەزار ناونیشانی جیاواز بوون.
چاپخانە و کتێبخانەی “جزیری” وەک پڕفرۆشترین بەشداربووی پێشانگاکە دەستنیشانکرا. ئەواب جزیری، خاوەنی چاپخانەکە بە 964ی وت: “پێشبینی سەرکەوتنمان دەکرد، بەڵام نەک بەم ئاستە بەرزە، من بەشداری هەموو پێشانگاکانی کوردستان و تەنانەت دەرەوەشم کردووە، بەڵام هیچ جارێک بەقەد زاخۆ کتێبم نەفرۆشتووە”.
لای خۆیەوە لوقمان رەحمانی، خاوەنی چاپخانەی زاگرۆس کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوو، بە 964ی راگەیاند، بەهۆی بوونی ئێرانییەکان و ئەو کەسانەی زمانی فارسی دەزانن لە زاخۆ، داواکارییەکی باش لەسەر کتێبی فارسی هەبووە و ستایشی رێکخستنی پێشانگاکەی کرد.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح