رەوشەکە لە کوردستان چۆنە؟

قەڵەوەکان تا 2035 رێژەی 51%ـی دانیشتووانی دونیا تیدەپەڕێنن

964+

فەرمان سادق

یەکێتی جیهانی قەڵەوی هۆشداری لە هەڵکشانی ژمارەی قەڵەوەکان لە دونیا دەدات، پزیشکێکیش دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکان فاست فوود و تێکچوونی ژەمە خۆراکییەکانە.

ئەمڕۆ شەممە 4.3.2023، رۆژی جیهانییە قەڵەوییە و بەپێی راپۆرتی یەکێتی جیهانی قەڵەویش بێت دوو ملیار و 600 ملیۆن قەڵەو لە جیهانی هەیە.

یەکێتی جیهانی قەڵەوی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا کە شەوی رابردوو بڵاوی کردەوە دەڵێت: تاوەکو ساڵی 2035 ژمارەی ئەو کەسانەی قەڵەون دەگەن بە رێژەی 51%ـی دانیشتووانی جیهان.

بەپێی راپۆرتەکە بێت، ئێستا ژمارەی قەڵەوەکان بەپێوەری جیهانی دوو ملیار و 600 ملیۆن کەسە، چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو ساڵی 2035 ژمارەکە بگاتە چوار ملیار.

بۆ پێشگیری لە هەڵکشانی ژمارەی قەڵەوەکان، یەکێتییەکە پێشنیار دەکات کە مەرجی زیاتر بخەنە سەر ئەو بەرهەمانەی کە چەوریان زۆرە و پڕن لە شەکر و خوێ، هەروەها سەپاندنی باج لەسەر بەرهەمە نا تەندروستەکان.

ژمارەی قەڵەوەکان بەپێوەری جیهانی تاوەکو ساڵی 2035 ژمارەکە بگاتە چوار ملیار

هەر بەپێی راپۆرتەکە، قەڵەوبوون لەناو منداڵان و هەرزەکارانی خوار تەمەن 18 ساڵان زۆر بەخێرایی زیادی کردووە و گەیشتۆتە رێژەی 100% لەناو کوڕان و 125% لەناو کچان.

هاوکات 383 ملیۆن کەسی تەمەن خوار 18 ساڵان لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی قەڵەوییەوە رووبەڕووی کێشەی تەندروستی زۆر بوونەتەوە.

قەڵەوبوون لەناو منداڵان و هەرزەکارانی زۆر بەخێرایی زیادی کردووە و گەیشتۆتە  125% 

دکتۆر هێرش سەعید تەرجانی، پزیشکی شارەزای گشتی و بەڕێوەبەری تەندروستی خەبات قسە بۆ 964 کردووە، ئاماژە بە پیوەری ئاماژەی بارستەیی لەش (BMI) کە دێژی کەسە لەسەر کێشی کەسە.

ئەوەش رووندەکاتەوە ئەگەر ئەنجامەکەی 18.5 بۆ 24.5 بێت، ئەوا رەشەکە زۆر ئاساییە، بەڵام ئەگەر 24 بۆ 30 بێت مانای وایە کەمێک قەڵەوە، هەروەها ئەگەر 31 بۆ 35 بێت ئەوا قەلەوی ناوەندییە و ئەگەریش لە 36 بۆ 40 بێت ئەوا قەڵەوی تەواوە، بەڵام لە 41 بەسەرەوە ئەوا قەڵەوییەکەی لە رادەبەدەرە و نەخۆشییە.

تێکچوونی سیستمی خۆراک و کوالێتی خۆراک و مەسەلەی فاست فوود و خواردنی دیلیڤەری درەنگانی شەوە

دکتۆر هێرش سەعید تەرجان، زیاتر وتیشی “یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان تێکچوونی سیستمی خۆراک و کوالێتی خۆراک و مەسەلەی فاست فوود و خواردنی دیلیڤەری درەنگانی شەوە”.

بە قسەی دکتۆر هێرش سەعید بێت، رەوشی کوردستان بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو ژمارەی قەڵەوی تێیدا زۆر هەڵکشاوە، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕانکاری لە ستایلی ژیان کە پێشتر کارەکان زیاتر کاری ماسولەیی بوون بە پێچەوانەی ئێستا کە زۆرینەی هزرییە لەناو ئۆفیس.