باڵیۆزخانەکەی هەولێر دەکاتەوە
بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا گەیشتە عێراق و سهردانى هەرێمی کوردستانیش دهكات
964+
فەرهاد حەسەن
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە عێراق، بەپێی پلانی گەشتەکەی دوای چەند کۆبوونەوەیەکی لە بەغدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ مایکل ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ كاروباری كارگێڕی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، هەفتەیەک پێشتر رێکخستنەکانی هاتنی بۆ عێراق ئەنجامدراوە، کە کۆبونەوە لە ئاستی باڵادا لە خۆدەگرێت و تاوتوێی دۆسییەكانی پەیوەست بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هاریکاریی ئابوری و رێکخستنی هاوبەشی ئەمنی دەكرێت.
سەردانەکەی ریگاس پێش گەیشتنی مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە بۆ عێراق کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و بازنە سیاسییەکان باس لە هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو سەردانەکە دەکەن لەسەر ئاستی پرسەکانی ناوچەکە و بوونی ئەمریکا لەو وڵاتە.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، لە تۆڕی X ـەکەی دوو وێنەی گەیشتنی ئەو بەرپرسە باڵایەی وڵاتەکەی بڵاوكردوەتەوە و نووسیویەتی “بەخێربێیت بۆ عێراق، ئەم سەردانە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریكا و عێراق بەهێز دەکات لە رێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردەکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئامانجە هاوبەشەکان بۆ بەدەستهێنانی سەروەری و خۆشگوزەرانی”.
رۆژی 25.11.2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی وڵاتەكەی لە هەولێر سەردانی هەرێمی كوردستان بكات وتیشی، “سەردانەكە بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری، ئاسایش، ئازادیی ئایینی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدایە”.