وەزارەتی كارەبای عێراق:

هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق دەستیپێكردەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 30.11.2025 ئاشكرای كرد، دوای تەواوبوونی کارەکانی چاکسازی، هەناردەی غازی ئێرانی بە رێژەی پێنج ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا بۆ عێراق دەستیپێكردەوە

ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا وتی، “دابینکردنی غازی ئێران بە رێژەی پێنج ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا دەستیپێکردووەتەوە، دوای تەواوبوونی کارەکانی چاکسازی”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “وەزارەتەکەیان یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای بێسمایە و مەنسوورییەی نۆژەنکردووەتەوە کە بەهۆی کەمیی غازەوە کاریگەرییان لەسەر بووە”.

روونیشی کردەوە، “چاککردنەوە و کاراکردنەوەی کێڵگەی غازی كۆرمۆر بەشداریی کردووە لە دابینکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بە نزیکەی 300 مێگاوات کارەبا، کە لە وێستگەکانی کارەبای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کڕدراوە”.

ئەحمەد موسا دەڵێت، “هەماهەنگییەكی باڵا لەگەڵ دەسەڵاتی کارەبای هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی رێکەوتنەکانی پێشووی کڕینی کارەبا”.

شەوی چوارشەممەی رابردوو هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ و زیانێكی زۆری بەركەوت، هێشتاش بكەرانی هێرشەكە ئاشكرا نەكراون.

ئەمریكا هەڵوێستی چییە بۆ ئەم كارە؟

سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵدۆ ترەمپی ئەمریكا ئەو رێگەپێدانەی هەڵوەشاندەوە كە رێگە بە عێراق دەدات غازی ئێران بۆ مەبەستی دابینكردنی كارەبا بكڕێت و لە سەردەمی سەرۆك بایدن بڕیاری لەسەردرابوو، بەڵام هێشتا رێگە بە ئێران دەدرێ غاز هەناردەی عێراق بكات، راپۆرتێكی پەیمانگەی ئەمریكی بۆ بەرگری لە دیموكراتی، كە لە كۆتایی مانگی رابردوو بڵاوكرایەوە، پێشنیاری ئەوەی بۆ ئیدارەی ترەمپ كردووە خشتەیەكی زەمەنی دابنێت بۆ راگرتنی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق.

بە پێی راپۆرتەكە عێراق ساڵانە بایی چوار تا پێنج ملیار دۆلار غاز لە ئێران دەكرێت و چەند ساڵێكە ئەو رێككەوتنەیان هەیە.

بەرهەمهێنانى غاز لە کۆرمۆر دەستیپێکردەوە

بەرهەمهێنانى غاز لە کۆرمۆر دەستیپێکردەوە