غازى بەغدا گەیشت
مەترسى لەسەر گرانبوونى غازى ماڵان نەما
964+
وریا فەتاح
وەجبەی یەكەمی غازی ماڵان (LPG) لە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵەوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و راستەوخۆ بەسەر كارگەكانی غاز دابەش دەكرێت.
دواى هێرشەکەى سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر و بڕانى کارەبا، ترس هەبوو گرفت بۆ غازى ماڵان دروست ببێت، بەڵام ئەوکات کەمال محەمەد ساڵح،وەزیرى کارەبا و وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى وتى،”داوام لە وەزارەتى نەوتى عێراق کردووە کە غازى ماڵان بنێرێت بۆ ئەوەى گرفتى غاز دروست نەبێت”.
کەمێک لەمەوبەر، وەزارەتەکە بڵاوى کردەوە، وەجبەى یەکەمى غازە گەیشت و راستەوخۆ بەسەر کارگەکانى غازدا، دابەش دەکرێت.
بەپێى راگەیەنراوى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، لەدواى هێرشەکە، وەزیرى سامانە سروشتییەکان داواى 760 تۆن غازى لە وەزارەتى نەوتى فیدراڵ کرد بۆ سەرجەم پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، تا ئەو كاتەی لە كێڵگەی كۆرمۆڕ دەست بەبەرهەمهێنانی غازی ماڵان دەكرێتەوە. .
جەختیش کراوەتەوە، ئەم بڕە غازە لەگەڵ ئەو غازەی لەكۆگاكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هەیە، بەشی پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەكات.