"دەستبردن بۆ کەرکوک و خانەقین و شەنگال قبوڵکراو نییە"
هۆشداری له بوونی “مهترسی” لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم دهدرێت
964+
فەرهاد حەسەن
دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستان هۆشداری لە گۆڕینی ناسنامە و دیموگرافیای چەند شوێنێکی ناوچە کوردستانیەکان دەکات دەڵێت، ئەمە قبوڵکراو نیە و پێویستە حکومەتی هەرێم و کۆی لایەنە سیاسیەکان ئەم دۆخە بەجدی وەربگرن.
دەستەکە ئهمڕۆ شهممه له راگهیهندراوێكدا ئاماژە بەوەدەکات کە بڕیاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان وابوو، کە سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە بنەمای سەرژمێریەکە لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان، لەو بارەیەشەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە 5.11.2025 بڕیاریدا پێش راگەیاندنی دەرئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی تەواوی ئەو هاوڵاتیانەی لەبەر هەر هۆکارێک ئێستا لە کەرکوک نیشتەجێن و لە خوارو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و بەشێک نین لەسەرژمێری 1957 و دۆسیەکانیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێندرێتەوە.
دەڵێت “بەداخەوە هیچ جۆرە پابەندبونێک بەو بڕیارەوە دیارنیە و ئێمەش ئەمە بە مەترسییەکی جدی لەسەر ئەو ناوچانە دەبینین و پێچەوانەی بنەما گشتیەکانی مادەی 140ی دەستورە”.
ئەم پێشهاتە نیگەرانیەکانی دەستەکەی زياتر کردووە دووپاتی دەکاتەوە ئەگەر روونکردنەوەی پێویست و بڕواپێکراو لەلایەن بەغداوە نەدرێت بە حکومەتی هەرێم، ململانێ دەستوریەکانیان دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی دژوارتر.
بهپێی راگەیەندراوی دەستەی ناوچە کوردستانیەکان، هەر جۆرە دەستبردنێک بۆ گۆڕینی ناسنامە و دیموگرافیای شاری کەرکوک و خانەقین و شەنگال و تەواوی ناوچە کوردستانیەکان قبوڵکراو نیە و پێویستە لە دەرەوەی ململانێکان لە هەرێمی کوردستان، حکومەت و کۆی لایەنە سیاسیەکان ئەم دۆخە بەجدی وەربگرن و کاری بنچینەیی بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیكه بێت.
رۆژی 26.11.2025، محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری راگەیاند، باسی لهوهكرد، ژمارهی دانیشتوان 46 ملیۆنی تێپهڕاندوه و ئەو عێراقیانەی لە دەرەوەی وڵاتیش دەژین هەژمار دەکات، تێکڕای قەبارەی خێزان لە عێراق 5.7 تاکە كهسه، ههروهها “ئەو عێراقیانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین هەژماردەکەین، زانیاری زۆرمان دەستکەوتووە، کە وەک نەخشەیەک بۆ پەرەپێدانی سیاسەت دەبێت”.
لە رۆژانی 16 تاوەکو 19.11.2024 پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق بهڕێوهچوو، كه یەکەمین پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتوانە لە پاش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003.