هونەرمەندە و كاسبكارە
“هەموو رۆژێک دەستی كچەكانم ماچ دەكەم”
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە رۆژانی رابردوو دەستماچكردنی باوكێك بۆ كچەكەی دەنگدانەوەی هەبوو، 964 خۆی گەیاندە لای ئەو پیاوەی دەستی كچەكەی ماچ دەكات و دەڵێت، هەموو رۆژێك دەستی كچەكانی ماچ دەكات.
مەحمود رەمەزان، هونەرمەندی بواری سروودی ئاینییە و لە هەمان كاتدا كاسبكارە لە بازاڕی هەولێر، ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوكرایەوە ئەوە دەستی كچەكەی ماچ دەكات، كە سەردانی كردووە لە دوكانەكەیدا.
مەحمود رەمەزان بە 964ی وت، “كچەكانمم زۆر خۆشدەوێت و دەستیان ماچ دەكەم، تەنانەت دوو كچم شوویان كردووە و دەستی ئەوانیش ماچ دەكەم”،
ئەو پیاوە كە ئەو قسانە بۆ 964 دەكات، دڵی پڕ دەبێت و گریان گەرووی گرتووە، هەست و سۆزێكی زۆری بۆ كچەكانی خۆی هەیە، دەشڵێت: “خۆم بێ دایك گەورە بووم و باوكیشم نەماوە، بۆیە هەموو خۆشەویستی خۆم بە كچەكانم داوە”.
ئەو هونەرمەندە باسی ئەو ڤیدیۆیە دەكات كە لە سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە و دەڵێت، “كچەكەم تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی دێمە سەردانت لە دوكانەكەت، ئاهەنگی دەرچوونی هەبوو لە زانكۆ، پێش ئەوەی بچێتە ئاهەنگەكە هاتە لای من و دەستی یەكترمان ماچ كرد”.
“كوڕەكانیشمم خۆش دەوێت، بەڵام رۆح لەو شوێنەیە كچەكانم پێی لێ دادەنێن”، ئەمەش قسەی مەحمود رەمەزانە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا