زیاتر لە 100 مۆبایل و لایتی شەحن كردووەتەوە
لە سلێمانی مارکێتێک بەهۆی سۆلارەوە خەڵكی گەڕەكێکی حەساندووەتەوە
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ماڕكێتێكی گەڕەكی سلێمانی تازە، بووەتە خێر و بەرەكەت بۆ دانیشتوان و ڕێبوارانی گەڕەكەكە و ئەوەی رووی تێبكات بە فول شەحنی دەڕواتەوە، چونکە ماڕکێتەکە خاوەنی سیستمی سۆلارە و بەردەوام کارەبای هەیە.
جەبار محەمەد، خاوەنی ماڕكێتەكە بە 964 ی وت، بەهۆی دامەزراندنی سیستەمی سۆلارەوە هیچ گرفتێكی كارەبای بۆ دروست نەبووە و بەڵكو لە دوێنێوە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی بۆ شەحنكردنەوەی مۆبایل و ئامێرەكانیان هاتوون و دەڵێت “دڵی كەسمان نەشكاندووە و هەركەسێك هاتبێت شەحنی خۆی كردووە و رۆیشتووە”.
وتیشی، لە دوێنێوە زیاتر لە 100 مۆبایل و لایتی شەحن و پاوەربانك لە دوكانەكەیدا شەحن كراونەتەوە، ئەوەیان وەكو گیانی هاوكاری بۆ خەڵكی كردووە.
باس لەوەش دەکات، سێ بۆ چوار دەرزەن مۆم لە دوكانەكەیدا هەبووە و ساڵێكە لە دوكانەكەیدا نەفرۆشراوە، بەڵام بەهۆی بێ كارەباییەوە هەر زوو كڕیاری بۆ پەیدابووە و مۆم لە ماڕکێتەکەیدا نەماوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن