"حەوت مۆلیدەین خۆبەخشانە کاردەکەین"
خاوەن مۆلیدەکان بە فریای هاوڵاتیانی قوشتەپە کەوتن
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
حەوت خاوەن مۆلیدە لە سنووری قەزای قوشتەپە خۆبەخشانە بۆ ماوەی 12 کاتژمێر کارەبا دەدەن بە هاوڵاتیان ، بەڵام کێشەی سرکێت و وایەر 150 ماڵی بێ کارەبا کردووە.
پەیامنێری 964 خۆی گەیاندە لای خاوەن مۆلیدەکان و تا راستیەکە لە نزیکەوە ببینێت، دانا ئاوماری، خاوەنی مۆلیدەیە و بە 964ی وت، ئێمەش خەڵکی ئەو قەزایەین و خەڵکی ئێرەش خەڵکێکی فەقیرە چاویان لەدەستی ئێمە بوو هاوکاریان بکەین، حەوت مۆلیدە خۆبەخشانە کارمان پێکردووە، گاز و پێداویستیش لەسەر ئەرکی خۆمان دەکڕین لیتری گازم بە 800 دینار کڕیووە، رۆژانەش لە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر یەکی شەو کارەبا دەدەینەوە بە هاوڵاتیان”.
لەو کاتەی مۆلیدەمان پێکردووە زیاتر لە 150 ماڵ کێشەی سرکێت و وایەریان هەبووە، چونکە ماوەیەکی زۆرە کار بە مۆلیدە نەکراوە، خاوەن مۆلیدەکە وادەڵێت.
نزیکەی 48 کاتژمێرە کارەبای کوردستان کێشەی تێدا دروستبووە، بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح