دیمەنی هێرشەکەی کۆرمۆر - وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر
هەرێم بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: پاڵپشتبن بۆ دابینکردنى سیستمى بەرگریى ئاسمانی
964+
ئەحمەد مستەفا
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە توندى سەرکۆنەى هێرشە تیرۆریستییەکەى شەوى رابردووى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین هەڵوێستیان بەرامبەر ئەم تاوانە هەبێت.
پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نوسیوویەتی، دەستدرێژی کراوەتەسەر هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.11.2025، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بڵاوکردەوە و دەڵێ، بە توندى سەرکۆنەى هێرشە تیرۆریستییەکەى شەوى رابردووى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەکەین، مەبەستیش پێکانى ژێرخانى ئابوورى و خزمەتگوزارىی گشتىیە لە هەرێمى کوردستان و عێراق و دروستکردنى هەڕەشەى راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرى هەرێم و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هێرشە بۆ سەر کێڵگەى کۆرمۆر بۆتە مایەى پچڕانى وزەى کارەبا لەسەر چەندین ملیۆن هاوڵاتى، لە رابردووشدا هێرشى تیرۆریستى لەم شێوەیە بۆ سەر ژێرخانى وزە لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، سەرەڕاى ئاشکرابوونى ئەو لایەنانەى کە کردەوەکانیان ئەنجامداوە رێکاریى پێویستیان بەرامبەر نەگیراوەتەبەر.
داواکارین پاڵپشتى هەرێمى کوردستان بکەن لە دابینکردنى سیستەمى بەرگرى ئاسمانی لە پێناو پاراستنى سەقامگیرىی و ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە بەشێکى دانەبڕاوە لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، ئەمە قسەی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستانە.
دەقی راگەیەندراوەکەی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە؛
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت: بە توندى سەرکۆنەى هێرشە تیرۆریستییەکەى شەوى رابردووى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەکەین و داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین هەڵوێستیان بەرامبەر ئەم تاوانە هەبێت
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى
حکومەتى هەرێمى کوردستان بە توندى سەرکۆنەى هێرشە تیرۆریستییەکەى شەوى رابردووى 26 تشرینى دووەمى 2025ى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەکات کە مەبەست پێکانى ژێرخانى ئابوورى و خزمەتگوزارى گشتى لە هەرێمى کوردستان و عیراق و دروستکردنى هەڕەشەى راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرى هەرێم و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی.
ئەم هێرشە بۆ سەر کێڵگەى کۆرمۆر بۆتە مایەى پچڕانى وزەى کارەبا لەسەر چەندین ملیۆن هاوڵاتى. لە رابردووشدا هێرشى تیرۆریستى لەم شێوەیە بۆ سەر ژێرخانى ووزە لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە. سەرەڕاى ئاشکرابوونى ئەو لایەنانەى کە کردەوەکانیان ئەنجامداوە رێکاریى پێویستیان بەرامبەر نەگیراوەتەبەر .
هێرشى شەوى رابردوو بووە هۆکارى پەکخستنى تەواوى کێڵگە گازییەکەو دابەزینى ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا بەشێوەیەکى بەرچاو، کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەرى دەکاتە سەر ژیانى هاوڵاتیان لە هەرێمى کوردستان و بەشێکى عیراق.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەم هێرشە تیرۆرستییەی بۆ سەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ژێرخانی ئابوورییەکەی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی هەرێمی کوردستان و عیراق.
داوا لە لایەنە بەرپرسەکانى حکومەتى فیدڕاڵ دەکەین کە بە جددى بە دواداچوون بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییە بکەن تاکو تاوانباران بە سزاى خۆیان بگەیەنن. بۆ ئەوەى لە ئایندەدا ئەو کردەوە تیرۆریستییانە دووبارە نەبنەوە.
داواکارین پاڵپشتى هەرێمى کوردستان بکەن لە دابینکردنى سیستەمى بەرگرى ئاسمانی لە پێناو پاراستنى سەقامگیرى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە بەشێکى دانەبڕاوە لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین ئەم کردەوە تیرۆریستیانە سەرکۆنە بکەن کە کاریگەرى نەرێنى لەسەر سەقامگیرى و پەرەپێدانى هەرێم هەیەو پاڵپشتى خۆیان بۆ پاراستنى ئاسایشى ووزەو ژێرخانى ئابوورى هەرێم دووپات بکەنەوە. هەروەها داوا دەکەین کە لە رێگاى کەناڵە دیپلۆماسییەکانى خۆیانەوە فشار بخەنە سەر حکومەتى فیدڕاڵ بۆ ئەوەى رێگرى بکات بۆ ئەوەى لە ژێر هەر پەردەیەکدا بێت چیتر ئەم جۆرە تاوانانە دەرهەق بە هەرێمى کوردستان ئەنجام نەدرێت.
هەرێمى کوردستان پابەندى خۆى دووپات دەکاتەوە لە پاڵپشتى کردنى ئاسایش و سەقامگیرى و پێکەوەژیانى ئاشتیانەو بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى و کردەوەى تیرۆریستی.
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت
27تشرینی دووەمی 2025