تیمێک سەرقاڵی کارکردنن لە ناو مۆلیدەیەکی ئەهلی ماڵاندا _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
لە هەولێر گردبوونەوە
موەلیدە ئەهلییەکان: کارەباچی و ئیشپێکەری مۆلیدەکانمان دابمەزرێنن
964+
ئەحمەد مستەفا
نوێنەرانی خاوەن مۆلیدەکانی گەڕەکەکانی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 26.11.2025 لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارەکە گردبوونەوە و داوایان کرد جگە لە قەرەبوو کردنەوە، کارەباچی و کارپێکەری موەلیدەکان دابمەزرێنرن.
ئەوانە داواکارییەکەیان رووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
بەهۆی پڕۆژەی رووناکی، مۆلیدە ئەهلییەکان لە سەنتەری سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا کوژێندراونەتەوە کە بەپێی راگەیەندراوێکی پڕۆژەکە، سێ هەزار و 700 موەلیدە کوژێنراونەتەوە.
ئەوان لەیاداشتێکدا رایانگەیاند، ساڵانی رابردوو هاوکاری حکومەت بوون لەدابینکردنی کارەبا و لەپڕۆژەی رووناکیش رێنماییەکانیان تەواو جێبەجێ کردووە، بەڵام بەداخەوە زیانێکی زۆریان بەرکەتووە.
ئەو خاوەن مۆلیدانە داوا لەسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، قەرەبووی زیانەکانیان بۆ بکاتەوە و لەهەمان کاتدا ئەو کەسانەی وەک کارەباچی و ئیشپێکەری مۆلیدەکان کاریان کردووە دابمەزرێن لەپڕۆژەی ڕووناکی، چونکە هەموویان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگان.
وتیشیان، ماوەی دوو ساڵە (2024 و 2025) بە بەردەوامی کارەبایان بۆ بیرەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دابین کردووە، بەڵام تا ئێستا حکومەت شایستە داراییەکانی بۆ خەرج نەکردوون، سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانەکانیان، پێیان راگەیەندراوە کە پارەکەیان کراوەتە چەکی بانکی و پارەی نەقد “کاش” نییە بۆیان خەرج بکرێت، بڕی پارەکەش لەنێوان 10 بۆ 50 ملیۆن دینارە.