ئاسایشی گەرمیان گرتوویەتی

ئەو رۆژنامەنووسەی لە كەلار بێ سۆراغ بوو دەركەوت دەستگیر كراوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

کاروان کەلاری، رۆژنامەنوس و بەڕێوەبەری کازیوە میدیا لە کەلار، لە کاتژمێر 6ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، کەسوکارەکەی لێی بێ ھەواڵ بوون و مۆبایلیشی داخرابوو، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگادارکرانەوە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.

عەباس ئەحمەد، کارمەندی کازیوە میدیا ئەمڕۆ 26.11.2025 بە 964ى وت،”دوێنێ تا کاتژمێر 6ی ئێوارە لەناو بازاڕ پێکەوە بووین، دوای ئەوە وتی دەڕۆمەوە ماڵەوە، لەدوای ئەوە کەسوکارەکەی ئاگاداریان کردین کە سۆراغی نییە و مۆبایلی داخراوە”.

رێبوار مستەفا، ھاوڕێی کاروان بە 964ى وت،”ھاوڕێیان و کەسوکاری کاروان کەوتینە سۆراغكردنی تا ئەوکاتەی کاتژمێر 2:30 خولەکی بەرەبەیان، ئاگادارکراونەتەوە کە لای ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا ھیچ شتێکمان پێنەوتراوە بە فەرمی کە لەسەرچی دەستگیرکراوە، لە ئاسایشی گەرمیان دەستبەسەرە.

964 لەسەر ئەم بابەتە پەیوەندی بە راگەیاندنی ئاسایشی گەرمیانەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكەیان وەڵامنەدایەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاسایشی هەولێر كەسێكی بە تۆمەتی رفاندنی منداڵێک دەستگ...

ئاسایشی هەولێر كەسێكی بە تۆمەتی رفاندنی منداڵێک دەستگیر كرد