مەرجی پێشوەختەی سعودیە
حاجیانی ساڵی داهاتوو دەبێ پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن؛ ئەگینا ڤیزاتان پێنادرێ
964+
شۆڕش قادری
هەموو ئەوانەی ئەمساڵ بۆ حەج ناویان دەرچووە دەبێت پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن، ئەگینا ڤیزایان پێنادرێت.
كاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حهج و عومرهی كوردستان بە 964ـی وت، “هەموو ئەو کەسانەی کە ئەمساڵ ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە، دەبێت پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن و لە پشکنینەکە دەربچن ئینجا ڤیزایان پێ دەدرێت.”
“سعودیە مەرجی پێشوەختەی داناوە بە مەبەستی پێدانی ڤیزای حەج کە ئەویش پشکنینی پزیشکییە، هەرکات پشکنینی کەسەکە پاک دەرچوو، ئەوکات دەتوانێ حەجی خۆی بکات”، کاروان ستونی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، چەندین لیژنەیان داناوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، چەند بنکەیەک دیاری دەکەن و دواتر ناوی بنکەکان بۆ حاجیان ئاشکرا دەکەن.
کاروان ستونی وتیشی، ئەنجامی ئەو پشکنینانە لە سیستم بەرز دەکرێتەوە بۆ سعودیە، تاوەکوو ڤیزا بە حاجیان بدرێت، بۆیە پێوسیتە هەموو حاجیان ئەو پشکنینە ئەنجام بدەن.
بۆ حەجی ساڵی داهاتوو، پێنج هەزار و 851 کەس ناویان گەڕاوەتەوە و تێچووی حەجەکەش حەوت ملیۆن و 100 هەزار دینارە.