کاربەدەستێکی سلێمانی وادەڵێت
“لەگەڵ ئەوەدام ئامارەکانی توندوتیژی بڵاونەکرێنەوە چونکە دەقیق نین”
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی دەڵێ، پێیباشە ئامارەکانی توندوتیژی بڵاونەکرێنەوە، چونکە ئامارەکان لەسەر ئەو پرسە دەقیق نین.
لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، راز فریاد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی سلێمانی قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “توندوتیژی جۆری زۆرە و لەئێستادا توندوتیژی ئەلیکترۆنیش دەستیپێکردووە کە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردنە و بۆ هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ کەڵکیان لێ وەردەگیرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەیسەکانی ئەوان نابرێنە دادگا و نابنە دۆسیە، لەبەر ئەوەی ئەوان ئامانجیان چارەسەرکردنی کێشەکانە و ئاشتەواییشیان بۆ نزیکەی دوو هەزار کەیس دروستکردووە، بێ ئەوەی بچنە دادگا.
“هەندێک کەس توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت بەڵام هانا ناباتە بەڕێوەبەرایەتییەکان، کەواتە ئەو ئامارانەی بڵاودەکرێنەوە دەقیق نین، بۆیە منیش لەگەڵ ئەوەدام کە لە ئێستادا ئامارەکان بڵاونەکرێنەوە”، راز فریاد وای وت.
رۆژی 25ـی 11ـی هەموو ساڵێك وەك رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاریكراوە، لە ساڵی 1981ـەوە ئەم یادە ساڵانە دەكرێتەوە .
ئەمڕۆ سێشەممە 25.11.2025، لە هەولێری پایتەختـیش، بەبۆنەی ئەم رۆژەوە، هەڵمەتی 16 رۆژە لەلایەن ئەنجومهنی باڵای خانمان و گهشهپێدان دەستیپێكرد و بەم بۆنەیەوە چەندین چالاكی لەسەر ئەم بابەتە پێشكەشكرا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری