باشترینه‌كانی مانگی رابردووی خولی كوردستان دیاریكران
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان باشترینه‌كانی مانگی شوباتی خولی نایابی كوردستانی دیاریكرد، یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی زۆری دارایی هه‌یه، به‌ڵام راهێنه‌ر و گۆڵپارێزه‌كه‌ی له باشترینه‌كانن.
فیدراسیۆنه‌كه دوای كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی به‌شداربووانی ئه‌و راپرسییه‌ی مانگانه ئه‌نجامی ده‌دات، باشترینه‌كانی مانگی شوباتی خولی كوردستانی راگه‌یاند.
دیلمان رۆكان یاریزانی یانه‌ی سیروانی به باشترین یاریزان دیاریكرا، هه‌روه‌ها سه‌ڵاح مه‌حموود راهێنه‌ری یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به باشترین راهێنه‌ر ده‌ستنیشانكرا و ئه‌حمه‌د نعیسه‌ل گۆڵپارێزی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به باشترین گۆڵپارێز هه‌ڵبژێردراوه.
ئه‌مه له كاتێكدایه یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ كێشه‌ی دارایی هه‌یه و سه‌رۆكی یانه‌كه له رۆژی 26ی مانگی رابردوو له لێدوانه‌كانی بۆ تۆڕی 964 ئاشكرایكرد، به هۆی قه‌رزه زۆره‌كانی سه‌ر یانه‌كه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی داخستووه و مووچه‌ی یاریزانه‌كانیشی نه‌داوه.
هه‌موو مانگێك فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له رێگه‌ی لیژنه‌ی راگه‌یاندنی خۆی و به به‌شداری نوێنه‌رانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و هه‌روه‌ها لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری، باشترینه‌كانی خولی كوردستان ده‌ستنیشان ده‌كات و خه‌ڵاتیان ده‌كه‌ن.
به‌شی وه‌رزش له تۆڕی 964 له ده‌نگدانه‌كه به‌شداریی ده‌كات.