کونسوڵی فەڕەنسا باسی وردەکاریەکانی پڕۆژەیەکی نوێی بەرگری شارستانی دەکات
فەرەنسییەکان نوێترین تەکنیکەکانی رزگارکردن دەهێننە هەرێم
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییەکانی گەلی فەڕەنسا و گەلی کورد لە رووی مێژوویی و سیاسییەوە لەوپەڕی بەهێزیدان، ئاشکراشی کرد وڵاتەکەی و یەکێتی ئەوروپا پڕۆژەیەکی گەورەیان بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری شارستانی کوردستان دەستپێکردووە.
یان بەریم، کونسوڵی فەڕەنسا لە هەرێم بە 964ـی وت، پڕۆژەیەکی راهێنانمان بۆ کارمەندانی بەرگری شارستانی هەرێم دەستپێکردووە، کە تێیدا کارمەندانی بەرگری شارستانی هەرێم، لەسەر نوێترین تەکنیکەکانی رزگارکردن رادەهێنرێن.
وتیشی، ئەو کۆنتەینەرەی دابینمان کردووە، رێگە بە ئاگرکوژێنەوەکان دەداتراهێنانی کردەیی ئەنجام بدەن وەک ئەوەی لە ناو بینایەکی راستەقینەدا ئاگرێکی گەورە کەوتبێتەوە، بەمەش فێری بەکارهێنانی تەکنیکی دروست دەبن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و هاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان حاڵەتەکانی لافاو و خنکان لە بەنداوەکان زۆرن، بۆیە پڕۆژەکە راهێنانی تایبەت بۆ کارمەندانی بەرگری شارستانی لەسەر نوێترین تەکنیکەکانی رزگارکردن لە ئاودا لەخۆ دەگرێت، بە ناردنی چەند کارمەندێک بۆ فەڕەنسا و دواتریش هاتنی شارەزای فەڕەنسی بۆ راهێنانیان لە هەرێم.
بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و پشتیوانی دەروونی، بڕگەیەکی دیکەی پڕۆژەکەیە و تایبەتە بە رێکخستنی خزمەتگوزارییەکان لە کاتی کارەساتەکاندا، وەک چۆنیەتی دەستنیشانکردنی قەیران و دابینکردنی پشتیوانی دەروونی بۆ قوربانییانی ئەو رووداوانە” یان برەیم وای وت.
کونسوڵی گشتی فەڕەنسا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم پڕۆژەیە بە هاوکاری شارەزایی فەڕەنسی و بە بودجەی یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێت و بە کارێکی “زۆر پراکتیکی” وەسفی کرد، کە راستەوخۆ یارمەتی پاراستنی ژیانی خەڵک دەدات.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر