حاڵەتێکی دەگمەنە
دار گوێزێک لە بیارە تازە بەھارییەتی و بەر دەگرێت
964+
ئەمەل ناجی – بیارە
دوایین مانگی پایزە و وەرزی زستان ھێندەی نەماوە و دار و درەخت لە کاتی ھەڵوەرینی گەڵاکانیاندان، بەڵام لە حاڵەتێکی دەگمەندا دار گوێزێک لە ناحیەی بیارە ئێستە بەھارییەتی و لق و گەڵای تازەی دەرکردووە، و بەری تازەشی گرتووە.
لە حاڵەتی ئاساییدا گوێز لە ناحیەی بیارە لە مانگی 10دا بە تەواوی پێدەگات و گوێزەکان دەتەکێنرێن، بەڵام ئەم بەرەی کە ئەم دار گوێزە گرتوویەتی مانگێک بۆ دوو مانگی دیکە ئینجا دەگاتە ئەو قۆناغەی کە بە تەواوی پێبگات، ھەرچەندە بە ھۆی کەشوھەوای ساردەوە پێناچێت گوێزەکان بگەنە ئەو قۆناغە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە خراپ دەبن.
بەکر حەمەئەمین خاوەنی دار گوێزەکە بە 964ـی وت، پێشتر قەت حاڵەتی لەم شێوەیەم نەبینییوە، ئەگەر گوێزی پایزەش ھەبووبێت بەو رێژە زۆرە نەبووە، کە ھەر لقێکی دارەکە، گوێزێک یان دوو گوێزی تازەی گرتووە”.
ناحیەی بیارە یەکێکە لە ناحیەکانی ھەورامان، ناوچەیەکی سەختە و پلەکانی گەرما لە زستاندا بۆ ژێر سفر دادەبەزێت، و زۆرجار بەفری لێدەبارێت، بەڵام کەشوھەوای وشک، و دواکەوتنی بارانی ئەمساڵی لە کوردستان وایکردووە کە ئەو دار گوێزە ئێستە بەھاری بێت و تازە بە تازە گەڵا و بەری تازەی گرتووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی