سێ گەڕەک دەبن بە مۆزەخانە و ناوەندی کەلتووری
پارێزگای هەولێر بەم رێگایە دەیەوێت گەشتیاری زۆرتر بێنێتە پایتەخت
964+
باخان تۆفیق
پارێزگای هەولێر لە نوێترین پلانیدا بڕیاریداوە سێ گەڕەکی کۆنی هەولێر نۆژەن بکاتەوە و بۆ مەبەستی گەشتوگوزار و لایەنی کەلتووری سودیان لێ ببینرێت، جێگری پارێزگاری هەولێریش دەڵێت،”ئەوەندە پڕۆژەکەمان بەلاوە گرنگە، حەز دەکەین سبەی دەستپێبکەین”.
ئەو گەڕەکانە لە ناوەندی شاری هەولێر و لە دەورووبەری قەڵان و تا ئێستاش ژیانکردن تیایاندا بەردەوامە، بڕیارە بەبێ گۆڕانکاری ریشەیی و هەر لەسەر شێوە رەسەنەکەی خۆیان نۆژەن بکرێنەوە.
سەبارەت بە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە، مەسعوود کاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر بە 964ـی وت، “دیزاینی تەواوی پڕۆژەکە ئامادە کراوە، بەڵام بودجەکەمان تا ئێستا ئامادە نییە، دەرخستە و بیرۆکەکەمان ناردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەرێنی، بەزووترین کات دەست بە کارکردن دەکەین، ئەوەندە پرۆژەکەمان بەلاوە گرنگە حەز دەکەین سبەی دەستپێبکەین”.
” پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر دەبێت و هەر یەکە لە کۆڵانەکانی خانەقا، تەعجیل، عارەبان دەگرێتەوە و بە کەرەستەی تایبەت و بەشێوەیەکی جیاواز کاری تێدا دەکرێت، ئامانجامان ئەوەیە بۆ مەبەستی گەشتوگوزار و لایەنی کەلتووری سودیان لێ ببینرێت”، مسعوود کاڕەش وای وت.
هەر لەبارەی گرنگی ئەم پڕۆژەیەوە، کەنعان موفتی شوێنەوارناس بە 964ـی وت،”هەولێر یەکێکە لە کۆنترین شارە مێژوییەکان، قەڵا و گەڕەکەکانی دەورووبەری دێرینترینی شارەکەن و گرنگی زۆریان هەیە لە بواری شوێنەوارناسی و کەلتوور و مێژووی شارەکە و ئەگەر پەلە لە نۆژەنکردنەوەیان نەکرێت لەناودەچن”.
بەپێی توێژینەوەی شوێنەوارناسەکان، قەڵای هەولێر تەمەنی شەش هەزار ساڵە و هەربۆیە بە كۆنترین شاری دنیا دادەنرێت، کە ژیان تیایدا بەردەوامە و لەلایەن یونسکۆوە خراوەتە لیستی میراتی جیهانییەوە و لە لیستی 100 گرنگترین شوێنەواری جیهانە و هەر ئەمەش بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی گەشتیارێکی زۆر رووی تێبکات، بەپێ ئامارەکانی گەشتوگوزاری هەولێریش ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار روو لە شارەکە دەکەن.
نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بەکوێ گەیشت؟