دۆزرایەوە
پۆلیسى کەلار: تەرمى گەنجەکە هیچ برین و زەبرێکى پێوە نەبووە
964+
میلاد جەلال ـ گەرمیان
بەڕێوەبەرى پۆلیسى کەلار رایگەیاند، تەرمى گەنجە دۆزراوەکە هیچ برین و شوێنەوارێکى لێدان و ئەشکەنجەى پێوە نەبووە.
ئومێد مەجید، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار بە 964ـى وت،”تەرمەکەى لە پزیشکى دادى پشکنینى بۆ کراوە، بەڵام ھیچ ئاسەوارێکی فیشەک و چەقۆ و برینداری بەسەر جەستەیەوە نییە”.
دەشڵێت: پزیشکى دادى بڕیاریداوە تیشکى بۆ بگرن بۆ ئەوەى دڵنیاببنەوە کە ئایا لە ناوەوە هیچ شکانێکى ئێسک هەیە یان نا.
جەختیش دەکاتەوە، سکاڵا تۆمارکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممەى رابردوو، گەنجێک بەناوی مەھدی محەمەد، تەمەن 25 ساڵ و خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی فیزیا لە زانکۆی گەرمیان، لە ماڵ چووەدەر، دوو رۆژ دوای ونبوونی مەهدی، ماتۆڕەکەی لە نزیک کەلار دۆزرابووەوە.، ئەمڕۆش دواى حەوت رۆژ لە دیارنەمانى، تەرمەکەى لە رووبارى سیروان دۆزرایەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح