شارەزایەك: چالاکییەکانی سنوورەکە بەردەوام دەبن
بومەلەرزەیەك كەلاری هەژاند
964+
ژێوار خدر
كاتژمێر 10:27 خولەکی شەوی رابردوو، بومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.1 پلەی رێختەر، سنووری كەلار و دەوروبەری هەژاند، شارەزایەكی بواری کەشناسی و جوگرافیاش دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی فشاری سەر پلێتەكان، چالاكی بومەلەرزە لە سنوورەكەدا بەردەوام دەبێت.
سیروان ساڵح، شارەزای بواری کەشناسی و جوگرافیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویكردووەتەوە، گوڕی بومەلەرزەكە گەیشتووەتە 3.1 پلەی رێختەر، بەپێی زانیارییەكانی، چەقی بومەلەرزەكە لە قووڵایی نۆ کیلۆمەتری ژێر زەوی بووە لە نێوان كەلار و باوەنوور.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چەقەكەی گوندی بەردەسووری كۆن بووە، كە تەنیا چوار كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری كەلار و 21.5 كیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی باوەنوورەوە دوور بووە.
سیروان ساڵح هۆشداری داوە، بەهۆی ئەوەی فشاری سەر پلێتەكانی زاگرۆس و عەرەبی و تۆرۆس بەرزە، چالاكییەكانی بومەلەرزە لەو سنوورەدا بەردەوام دەبێت.