حكومهت بڕیاریدا و 300 هەزار کەس دەگرێتەوە
كارمهندانى سهر سندوقهكانى دهنگدان لە عێراق و هەرێمى كوردستان پاره وهردهگرن
964+
فهرهاد حهسهن
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجكردنی پارەی كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدانی دەركرد و بڕی پارەكەش لەنێوان 150 بۆ 400 هەزارە و كارمەندانی یەدەگیش بڕی 100 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
بڕیارهكهى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی دوێنێیدا بوو، كه 300 هەزار كارمەندن لە تەواوی عێراق و هەرێمى كوردستان دهگرێتهوه.
پێشتر كۆمیسیۆن ئاشكراى كردبوو، كه مووچەی ئەو کارمەندانە بەپێی ئەرکیان جیاوازە، سەرپەرشتیارانی بنکەی دەنگدان 400 هەزار دینار، بەڕێوەبەرانی وێستگە 300 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 200 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەرن و سەرپەرشتیاری بنکەی دەنگدانن 300 هەزار دیناریان پێدەدرێت، بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 150 هەزار دینار وەردەگرن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ناوی 34 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان لە تیروپشکدا دەرچوو وەک کارمەندی سەر سندووق کە بەسەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەشکرابوون.
پێشتر نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، راگەیاندبوو، چەند مانگێک دوای هەڵبژاردن، کارمەندانی سەر سندووقەکان شایستە داراییەکانیان وەردەگرن. کارمەندی یەدەگیش لە هەموو پارێزگایەک دانرابوون و ئەوانیش پارە وەردەگرن.
بهقسهى ئهم، موچەی کارمەندانی یەدەگ کەمترە لە کارمەندەکانی دیکە و هەر یەکێکیان 100 هەزار دینار وەردەگرێت.
بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق، مەرجی كارتی بانكی لادەبرێت بۆ وهرگرتنى ئهو پارهیه لهلایهن كارمهندانى سهر سندوقهكان و وەك ساڵانی رابردوو لە رێگەی بانكەكانەوە دابەش دەكرێت.
ئەو کارمەندانە لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا لە زیاتر لە 39 هەزار وێستگە سەرپەرشتیی پرۆسەی دەنگدانیان کرد، لەو 34 هەزار کەسەی ناویان دەرچووە، 5% یان وەکو یەدەگ بوون، واتە 1700 کەس.
رۆژی 9.11.2025 دەنگدانی تایبەت و رۆژى 11.1.2025 یش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولى شهشهمى پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا.