هونەرمەند قادر جەلال:
“سلێمانی بووەتە لانکەی یادەوەرییە هونەرییەکانم”
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
یادی 241 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانییە و هونەرمەندانیش لەم رۆژەدا قسەی خۆیان هەیە و پێیانوایە ئەو شارە ساڵانێکی زۆرە ناوی بە هونەر و رۆشنبیرییەوە گرێدراوە، هونەرمەند قادر جەلال ئەو شارە بە “شاری رووناکبیران و منەوەران” ناودەبات و دەڵێت، هەمیشە لانکەی بیر و هزر و داهێنان بووە.
هونەرمەند، قادر جەلال بۆ 964 وتی، سلێمانی تاکە شارە لە کوردستاندا کە پشتیوانی هونەر و جوانی دەکات، وەک نیشانەیەک بۆ ئەمە باسی چەندین شانۆگەری و بەرهەمی هونەری دەکات کە لەم شارەدا پێشکەش کراون و جەماوەرێکی زۆریش بە گەرمی پێشوازییان لێکردوون و دەشڵێت، ئەم پێکەوە ژیان و کارلێککردنەی نێوان هونەرمەندان و بینەران “موچوڕکێکی بە گیانماندا هێناوە و دڵمانی پڕکردووە”.
باسی لەوەشکرد، سلێمانی بەردەوام سەرچاوەی هیوایە و خەڵکەکەی خاوەنی کەسایەتی بەهێز و رۆشنبیرن و ئەمەش وایکردووە کە دانیشتوانی سلێمانی، بە تایبەتیش هونەرمەندان و رۆشنبیران، بەوپەڕی گڕوتینەوە بەردەوام بن لە داهێنانەکانیان.
“بە گشتی، دەتوانرێت بڵێین سلێمانی نەک تەنیا پایتەختی رۆشنبیرییە، بەڵکو دڵی لێدانی هونەر و داهێنانە لە سەرانسەری کوردستاندا”، قادر جەلال وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر