شەقامێک لە کاتی بارانبارین _ وێنە: 964
نزیکەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت
لە شەممەی داهاتووەوە بارانی پەڵە دەبارێت
964+
توانا نەقی
هەواڵی خۆش بۆ جوتیاران و خەڵکیش لەسەر بارانبارین ئەوەیە کە لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە بارانی چاک سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بە شار و ناوچە شاخاوییەکانەوە بە بڕی جیاواز دەگرێتەوە .
سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی بە 964ـی وت، بارانبارینەکە هەریەک لە پارێزگای دهۆک، باکووری پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سۆران، ناوچەکانی مێرگەسوور و سیدەکان و چۆمان و حاجی ئۆمەران، ناوچە شاخاویەکانی باکووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین دەگرێتەوە و 20 بۆ 50 ملم بارانیان لێ دەبارێت.
وتیشی، سەنتەری شارەکانیش لە نێوان 10 بۆ 20 ملم باران دەبارێت، بەڵام لە گەرمیان لە نێوان 5 بۆ 10 ملم دەبارێت و لە زۆربەی شوێنەکان پەڵە دەدات.
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی پێشبینی ئەوان شەپۆلەکە لە رۆژی شەممەوە دەستپێدەکات و لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە کۆتایی دێت و کەش ئاسایی دەبێتەوە.