سۆراغ؛ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كانى سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین وه‌ستاوه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى تۆڕى 964، كاركردن له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى زیاتر له‌ 80 قوتابخانه‌ى سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕین وه‌ستاوه‌، ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ى قه‌ڵادزێش كه‌ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بڕیاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى دا، تا ئێستا ده‌ست به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى نه‌كراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان, له‌ سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕین، نزیكه‌ى 400 قوتابخانه‌ هه‌ن، له‌ناویاندا 175 قوتابخانه‌ له‌ سنوورى پشده‌رن و 218 قوتابخانه‌ش له‌ناو رانیه‌ن، به‌شێكى ئه‌و قوتابخانانه‌ پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.

یوسف ناوده‌شتى، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى راپه‌ڕین به‌ تۆڕى 964ى راگه‌یاند، كاركردن له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كانى سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین وه‌ستاوه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ نه‌بوونى پاره‌ى نه‌ختینه‌ له‌ بانكه‌كان گه‌ڕانده‌وه‌.

ناوده‌شتی وتیشی, “دواى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ ئیداره‌ى راپه‌ڕین بڕیاریدا به‌ ته‌رخانكردنى پێنج ملیار دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانى سنووره‌كه‌مان، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و پاره‌ ته‌رخانكراوه‌ نه‌هاتووەته‌ بانكه‌كان”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كۆمپانیایه‌ك ده‌ستى به‌ كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌شێكی ئه‌و قوتابخانانه‌ كرد، به‌ڵام به‌هۆى بێ پاره‌یی كاره‌كانى وه‌ستاند.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، به‌شێك له‌و قوتابخانانه‌ى كه‌ پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ سنوورى قه‌زاى پشده‌ر، به‌ڵام وتى، “له‌به‌رئه‌وه‌ى شوێنى قوتابخانه‌كانى سنوورى پشده‌ر سه‌ختن، تا ئێستا هیچ كۆمپانیایه‌ك ئاماده‌نه‌بووه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ئه‌و قوتابخانانه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت”.

یوسف ناوده‌شتى ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌سه‌ر داو‌اى شاندێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌ سه‌ردانى راپه‌ڕینیان كردبوو، ده‌رخسته‌ى ئه‌و قوتابخانانه‌مان بۆ ناردوون بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان، “به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وانیش هیچ وه‌ڵامێكیان نییه‌”.

له‌باره‌ى قوتابخانه‌یه‌كی قه‌ڵادزێش كه‌ رۆژی 7.2.2023 وه‌زیری په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم بڕیاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى دا، ناوده‌شتی وتى، “تا ئێستا ده‌ست به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ نه‌كراوه‌ و هه‌روه‌ك خۆیه‌تى”.

24 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌وروه‌رده‌ى هه‌رێم، له‌رێگه‌ى تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووكه‌وه‌ بڕیاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قوتابخانەی (کۆڕەو)ی بنەڕەتی لە گەڕەکی ڕاپەڕینى قەڵادزێ راگەیاند، هه‌رئه‌وكاتیش راگه‌یاندنى په‌روه‌رده‌ى گشتى راپه‌ڕین به‌ تۆڕى965ـى وت، “له‌ دواى كۆتایی هاتنى پشووه‌كان، ده‌رخسته‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ى ئاماده ‌ده‌كرێت” به‌ڵام تا ئێستا كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ده‌ستپێنه‌كراوه‌.