"لە بەیانی زووەوە خۆمان حازر کردووە"
بە جلوبەرگی رەسەنی کوردییەوە و بە خێزانی چوون بۆ دەنگدان
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە هەولێری پایتەخت زۆربەی هاوڵاتیان جلوبەرگی رەسەنی کوردیان لەبەر کردووە و بەخێزانی و بە زەوق و شەوقەوە دەچن بۆ دەنگدان.
کەمال خالید و حەیات ئازاد دوو هاوسەرن و پێکەوە چوونەتە بنکەیەکی دەنگدانی هەولێر و قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە، کەمال خالید دەڵێت، “پێکەوە جوانین و با هەموو خێزانەکانیش بچن دەنگی خۆیان بدەن، چونکە ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا دەنگمان زیاتر بێ چاوگەش و روو قایم دەبین”.
حەیات خانیش دەڵێت، “لە بەیانی زووەوە خۆمان حازر کردووە و بەخێزانیشەوە جوانین، بۆیە پێکەوە هاتووین بۆ دەنگدان”.
لە کاتژمێر 7ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیشەممەوە 11.11.2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری وڵات و کوردستان دەستیپێکردووە و تا کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری