250 ملیۆن دینارى برد و هیرانی بێ دووساید كرد

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ قسه‌ى شاره‌وانیی هیران، به‌ڵێنده‌رێك كه‌ ده‌بوو دووسایدێك له‌ ده‌روازه‌ى ناحیه‌ى هیران دروست بكات، ماوه‌ى نۆ ساڵه‌ جگه‌ له‌وه‌ى 250 ملیۆن دینارى له‌ پاره‌ى پڕۆژه‌كه‌ بردووه‌، تا ئێستا ده‌ستى به‌ دروستكردنى ئه‌و دووسایده‌ نه‌كردووه‌.

تۆڕى964 ده‌زانێت، پلانێكی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵى 2012 هه‌یه‌، كه‌ له‌ ته‌واوى ناحیه‌كانى هه‌رێمی كوردستان دووساید له‌ ده‌روازه‌كانیان دروست بكرێت.

نه‌ریمان محه‌مه‌د سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانى ناحیه‌ى هیران، به‌ تۆڕى964ـى راگه‌یاند،  پڕۆژه‌ى دووسایدكردنى ده‌روازه‌ى هیران له‌ ساڵى 2014 ه‌وه‌ پاره‌ى بۆ ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام وتى “ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌کەى، كه‌ بڕیار بوو ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكات، جگه‌ له‌وه‌ى بڕى 250 ملیۆن دینارى پاره‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى بردووه‌، تا ئێستا كارى له‌سه‌ر دروستكردنى نه‌كردووه‌”.

به‌ قسه‌ى ناوبراو، درێژى ئه‌و دووسایده‌ دوو كیلۆمه‌تره‌، له‌ هیرانی خواروو ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌ قه‌پانى هیران، بودجه‌ى ته‌رخانكراو له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ دوو ملیار و 250 ملیۆن دیناره‌، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا دوو ملیار دیناره‌كه‌ ماوه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد،  هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى هیران و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى شاره‌وانییه‌كان و پارێزگارى هه‌ولێرى له‌ بردنى ئه‌و 250 ملیۆن دینارە له‌لایه‌ن به‌ڵێنده‌ره‌کەوه‌، ئاگادار كردووەته‌وه‌.

له‌ باره‌ى هۆكارى بردنى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانى هیران وتی “گوایه‌ به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ بۆ كڕینى چه‌ند ئامێرێك بۆ ده‌ستپێكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بردوویه‌تى، به‌ڵام ئه‌وه‌ بووه‌ نۆ ساڵ نه‌ ئامێره‌كانى دیاره‌ و نه‌ ده‌ستیشى به‌و پڕۆژه‌یه‌ كردووه‌”.

ناحیه‌ى هیران له‌ سنوورى قه‌زاى شه‌قڵاوه‌ سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێره‌، زیاتر له‌ 500 خێزانى لێده‌ژی، خاوه‌ن رێگەیه‌كی ستراتیژییه‌، كه‌ دهۆك و سلێمانى به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.