پۆستەری كاندیدەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
کۆمسیۆن: پێشێلکاری مەکەن
سبەینێ رۆژی بێدەنگ بوونی هەڵبژاردنە و بانگەشە دەوەستێ
964+
ئەحمەد مستەفا
سبەی شەممە 8.11.2025، پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا دەچێتە قۆناغی بێدەنگیی هەڵبژاردن، ئەمەش پێش دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی.
لەم كاتەدا، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەواوی ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شایستە هەڵبژاردنە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكان دووپات كردەوە.
كۆمسیۆن لە بەیاننامەیەكدا کە 964 بینوویەتی، قۆناغی بێدەنگیی هەڵبژاردن لە كاتژمێر 7:00ی بەیانیی سبەی شەممە دەست پێدەكات و تا كۆتایی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر چالاكییەكی بانگەشەیی یان پڕوپاگەندەیی بۆ كاندیدەكان یان لیستەكانی هەڵبژاردن لەم ماوەیەدا پێشێلكارییەكی روونە بۆ رێنماییەكان و رێكارەی یاسایی بەرامبەر لایەنە پێشێلكارەكان دەگیرێنەبەر.
كۆمسیۆن راشیگەیاندووە، ئامانج لە بێدەنگیی هەڵبژاردن بریتییە لە فەراهەمكردنی ژینگەیەكی هێمن و هاوسەنگ كە رێگە بە دەنگدەر بدات بە ئازادی بیر بكاتەوە و نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت بەبێ كاریگەری یان بانگەشەی هەڵبژاردن لە دوا ساتەكاندا.