پەیامنێری 964 هەنار داتەكێنێت
ئەمساڵ دروستکردنی رووبەهەنار لە هەورامان دواکەوتووە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
بە هۆی نەبارینی بارانەوە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەندێک لە خاوەن باخەکانی هەورامان دروستکردنی رووبەهەنار یان سرکەی هەناریان دواخستووە، ئێستاش سەرقاڵی رنین و دروستکردنی رووبەهەنارن، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو ئەم پرۆسەیە زووتر ئەنجامدرا.
هەرچەندە بە هۆی هەبوونی کارگەکانی شەربەتی هەنارەوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دروستکردنی رووبەهەنار كراوە، بەڵام هەندێک لە خاوەنباخەکان هێشتاش هەر بە شێوازی کۆن رووبەهەنار دروست دەکەن.
رووبەهەنار چۆن دروست دەكرێت؟
هەنارە بچووکەکان، ترش و شەقبردووەکان لێدەکرێنەوە و لە شوێنێکدا کۆدەکرێنەوە، خانمەکان دەیانکەن بە دەنک و لە ناو سەتڵێکدا دایاندەنێن، دواتر پیاوەکان هەنارەکان دەکەن بە شەربەت و لەسەر ئاگرێکی بەهێز و لە ناو مەنجەڵی گەورەدا دایاندەنێن بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، هەتا خەست دەبێتەوە، دەبێتە رووبەهەنار، لەسەر ئاگرەکە دایدەگرن و دوای ساردبوونەوەی دەیکەنە دەبەی بچووک بچووک و دەیخەنە بازاڕەوە.
ئەو رووبەهەنارەی کە دروست دەکرێت، تامی ترش و خۆشە و ئەگەر چەند ساڵێکیش بمێنێتەوە زبر نابێت و تێکیشناچێت، بەڵام ئەو رووبەهەنارەی بە کارگە شەربەتەکەی دەگیرێت، تامەکەی کەمێک تاڵی تێدایە، دوای مانەوەشی بۆ ماوەیەک هەندێک زبر دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا