لە کەرکوک بەڕێوەچوو

پوتیڤار لە 964 رەخنە لە فێستیڤاڵى شانۆى شەقام دەگرێت

964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک

ئەکتەرى بەناوبانگى ئێرانى جەعفەر دەهقان کە لەلاى خۆمان لە دراماى یوزارسیف بە رۆڵى پوتیڤار ناسراوە، بەشدارى نۆیەمین فێستیڤاڵى شانۆى شەقامى کرد کە لە کەرکوک بەڕێوەچوو و رەخنەشى لێى هەیە.

جەعفەر دەهقانى بە 964ـى وت،”ئەوەی کە لەم جۆرە فێستیڤاڵانەدا زۆر گرنگە بەتایبەتیش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و شانۆی شەقام، ئەوەیە کە کەلتور و رووخساری جیاواز لەیەکتر نزیک دەکاتەوە، مرۆڤەکان دەکاتە هاودەنگ ئەمانە هەموویان زۆر شتی باشن، بەڵام ئەگەر راستییەکەی بڵێم بەشێک لەو کارانەی کە من بینیمن، چەندێکیان ئەسڵەن نماییشی  شەقام نەبوون و ناکرێ ناویان بنێی نمایشی  شەقام، نماییشی  شەقام فەلسەفە و مانا تێگەیشتنێکی تایبەتی هەیە کە لەم فێستیڤاڵە دوور بوو”.

وەک باسى دەکات، بەشێک لەو کارانەی لە فێستیڤاڵەکەدا بینیویەتى لە ئاستێکی باڵا بووە.

“لەوانەیە ئەگەر من یەکێک بام لە لیژنەی دادوەران، خەلاتم نەبەخشیبایە بە بەشێک لەوانەی خەڵات کران، نامەوێ ناوی کەس ببەم، بەڵام خەڵاتم پێ نەدەبەخشین و بە ئاسانی دەموت هیچ کام لەم شاکارانە شایەنی خەڵات نین، نەمدەبەخشی لەپێناو ئەوەی ساڵی داهاتوو بەهێزتر و پێشکەوتووتر بهاتبان، بەڵام بەهەرحاڵ ئەمە تێڕوانینی لیژنەی دادوەران بوو بەلای ئێمەشەوە زۆر گرنگە وە ئێمە رێزمان هەیە بۆیان و منیش تەنیا میوان بووم و مافی ئاڕاسەتکردنی بیروڕام نییە، هەموو ئەوانەی وتیشم تێڕوانینی خۆم بوون”، پوتیڤار واى وت.
دوای سێ رۆژ نمایشی شانۆیی لە شەقامەکانی کەرکوک بە بەشداری 15 وڵاتی جیاواز، دواجار ئێوارەى دوێنێ باشترینەکان خەڵاتکران و کچێکی هەڵەبجەییش بەناوی توران ئومێد توانی خەڵاتی باشترین ژنە ئەکتەر بباتەوە.

ئەنجامەکانی فێستیڤاڵ بەم شێوەیە بوو، باشترین ئەکتەری پیاو محەمەد مەڵەس لە سوریا، باشترین ئەکتەری ژن توران ئومێد لە هەڵەبجە، خەڵاتی باشترین دەرهێنان بۆ دەرهێنەر کەیمان حسێن بوو، دەرهێنەری شانۆی ماسی کۆچەکان، هاوکات خەڵاتی باشترین بیرۆکە بۆ بیرۆکەی برۆمیتە بوو لە شاری تەبرێزی ئێران، خەڵاتی باشترین بەرجەستەکردنی بەکۆمەڵ بۆ شانۆی عەزرا لە کەرکوک بەخشرا، خەڵاتی باشترین نمایشی شانۆی تەواو بۆ شانۆی ئەمە ژیانە یان ژانە، بۆ شاری مەریوانی ئێران بوو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح